کۆریای باکوور مووشەکێکی مەوداناوەندی تاقیکردەوە و کیم جۆنگ ئوون هۆشداری دەداتە نەیارەکانی

‌

وێستگەنیوز-

ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریا بڵاویکردەوە، لەژێر سەرپەرشتیی راستەوخۆی کیم جۆنگ ئوونی سەرکردەی وڵاتەکە، تاقیکردنەوەیەکی نوێی مووشەکی لە جۆری مەوداناوەند ئەنجامدراوە، مووشەکەکە لە رۆژهەڵاتی کۆریای باکوورەوە ئاراستە کراوە و توانیویەتی لە مەودای 1000 کیلۆمەتردا، لەناو ئاوەکانی دەریای رۆژهەڵاتی وڵاتەکە ئامانجەکەی بپێکێت.


بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، ئامانج لەم هەنگاوە بریتی بووە لە راهێنانی ئەو هێزانەی سیستەمی چەکی ستراتیژیی خێراتر لە دەنگیان لەبەردەستدایە، هاوکات بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی متمانەپێکراوی، کارامەیی و جووڵەی هێزەکانی بەرگریی بووە، لەو چوارچێوەیەشدا کیم جۆنگ ئوون جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە پیۆنگیانگ بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی توانای کوشندەیی چەکە هێرشبەرە ستراتیژییەکانی تا دوژمنەکانیان هەستی پێبکەن، هەروەها بەهێزکردنی توانای بەرگریی ناوەکیی بە پێویستییەکی حەتمی بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی وەسفکرد.

لەلایەکی دیکەوە، کیم یۆ جۆنگ بەرپرسی باڵای پارتی کرێکارانی دەسەڵاتدار رایگەیاند، سیستەمی چاودێریی هەریەک لە کۆریای باشوور و ژاپۆن نەیانتوانیوە بە باشی چاودێریی جووڵەی مووشەکەکە بکەن، بەو پێیەی بەهۆی شێوازی تایبەت و شەپۆلییەکەیەوە کەموکوڕیی سیستەمەکانی ئەوانی دەرخستووە، ئەمەش دوای ئەوە هات کە سوپای کۆریای باشوور رایگەیاندبوو مووشەکێکی بالیستیی پیۆنگیانگیان تۆمارکردووە کە بەپێی خەمڵاندنەکانی ئەوان مەودای زیاتر لە 700 کیلۆمەتری بەرەو دەریای رۆژهەڵات بڕیوە.

ئەم تاقیکردنەوەیە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە گرژییەکانی نیمچەدوورگەی کۆریا روویان لە هەڵکشان کردووە؛ بەتایبەت دوای ئەوەی مانگی رابردوو لە ناوچەی داماڵراو لە چەک مینێک بە ژمارەیەک سەربازی کۆریای باشووردا تەقییەوە و برینداربوون، لە بەرانبەر تۆمەتبارکردنی پیۆنگیانگ و داواکردنی لێبووردن لەلایەن سیئۆلەوە، کیم یۆ جۆنگ ئەو تۆمەتانەی بە تەواوی رەتکردەوە و گوتی، پیۆنگیانگ بە ئەنقەست مینی بۆ بەئامانجگرتنی هێزەکانی کۆریای باشوور نەتەقاندووەتەوە.

شایەنی باسە بە ئەنجامدانی ئەم هەنگاوە، ژمارەی تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی کۆریای باکوور تەنها لە ماوەی ئەمساڵدا 10 تاقیکردنەوەی تێپەڕاندووە.


AM:09:13:04/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت