ئەکسیۆس: ئیدارەی ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا بڕیاری لەسەر چارەنووسی جەنگی ئێران و حو*سییە*کان داوە

‌

وێستگەنیوز-

پێگەی هەواڵیی "ئەکسیۆس" لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار و بەرپرسانی ئەمریکاوە ئاشکرای کرد، ئەندامانی باڵای کابینەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هاوینەهەواری سەرۆکایەتی لە "کەمپ دەیڤد" کۆبوونەوەیەکی نهێنی و نائاساییان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ئەنجامداوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو سەبارەت بە جەنگی ئێران و ململانێی نێوان سعودیە و حوسییەکان لە یەمەن.


بە گوێرەی راپۆرتەکە، کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوەچووە و تیایدا هەریەک لە مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوە، پیت هێگسێت وەزیری بەرگری، ستیڤ ویتکۆف نێردەی کۆشکی سپی، جۆن راتکلیف بەڕێوەبەری سی ئای ئەی و جەنەراڵ دان کەین سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا بەشدار بوون، کۆشکی سپی ئامادە نەبووە هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر ئەم کۆبوونەوەیە بدات، بەڵام بەرپرسێکی ئاگادار ئاماژەی بەوە کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا "بڕیار لەسەر پرسەکان دراوە، یان لانیکەم بە قووڵی تاوتوێ کراون".

گرنگیی ئەم کۆبوونەوەیە لەوەدایە کە رووداوێکی زۆر نائاساییە و ئیدارەی ترەمپ بە فەرمی رای نەگەیاندووە؛ دواهەمین کۆبوونەوەی هاوشێوە لە حوزەیرانی 2025 ئەنجام درابوو، کە تەنیا چەند رۆژێک پێش دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل بوو دژی ئێران.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە دانوستانە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ تاران تووشی چەقبەستوویی بوون و ترەمپ بیر لە دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورە لە دژی ئێران دەکاتەوە، ترەمپ لە لێدوانێکیدا هۆشداریدابوو کە "ئێستا دەبێت بڕیارێک بدەم: یان ئێران رێککەوتنەکە واژۆ دەکات، یان چیتر بوونی نامێنێت". هەروەها ئێوارەی رۆژی هەینی لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێراندا سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی بەرامبەر تاران وتی: "ئەگەر پێتان بڵێم، دەبێتە هەواڵێکی گەورە، بەڵام دۆخی ئێران باش ناڕوات" و ئاماژەی بەوەش کرد کە رەنگە جەنگەکە زۆر بەم زووانە و دوای هەڵبژاردنە نیوەدەورەییەکان کۆتایی پێبێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پرسی یەمەن تاوتوێ کراوە؛ لە ئێستادا سعودیە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی یەمەن خۆی بۆ هێرشێکی پێچەوانەی فراوان دژی حو*سییە*کان ئامادە دەکات، بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنەوەی کەناراوەکانی دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب، هاوکات ریاز گوشار لە سەرۆکی ئەمریکا دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بەشدار بێت لە ئۆپەراسیۆنەکەدا.
هەرچەندە واشنتۆن تا ئێستا بەشداریی راستەوخۆی رەتکردووەتەوە و تەنیا پشتیوانیی هەواڵگری و دیاریکردنی ئامانجەکانی پێشکەش کردووە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن لە سایەی ئە*م پێشهاتانەدا رەنگە ترەمپ رای خۆی بگۆڕێت.


AM:08:22:03/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو