عەلی زەیدی لە نەتەوە یەکگرتووەکان: چەک تەنها لەدەست دەوڵەتدا دەمێنێتەوە

‌

وێستگەنیوز ـ

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا ڕوانگەی وڵاتەکەی بۆ قۆناغی نوێی سەقامگیری، چاکسازیی ئابووری، بەهێزکردنی سەروەریی دەوڵەت و دروستکردنی هاوبەشیی هەرێمی خستەڕوو.

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتارەکەیدا جەختی کردەوە، دەوڵەت تاکە بڕیاردەر دەبێت لە پرسی جەنگ و ئاشتیدا و چەک و ئامرازەکانی هێز تەنها لەدەست دامەزراوە دەستوورییەکاندا دەمێننەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ هاوبەشە ستراتیژییەکانی لە بواری سەربازییەوە دەگوێزرێتەوە بۆ هاوکاریی ئابووری و گەشەپێدان.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، سەرۆک وەزیران پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی وەک ڕوانگەیەکی گشتگیر بۆ ئاوێتەبوونی هەرێمی پێناسە کرد، کە لە بەندەری فاوەوە دەستپێدەکات تا تورکیا و ئەوروپا، هەروەها ڕۆژهەڵات بە ڕۆژئاواوە دەبەستێتەوە.

داواشی لە وڵاتانی دراوسێ و دۆستان کرد ببنە هاوبەش لەم پڕۆژەیەدا، چونکە بەستنەوەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و هێڵەکانی گواستنەوە باشترین زامنی سەقامگیرییە، هاوکات ئاشکرای کرد کە عێراق کار بۆ پەرەپێدانی هێڵەکانی وزە لەگەڵ تورکیا، ئوردن و سوریا دەکات.

سەبارەت بە کەرتی ئابووری و جەنگی دژی گەندەڵی، زەیدی جەختی لەسەر کەمکردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت و ڕەخساندنی ژینگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی ڕاگەیاند، بە دەستەبەرکردنی ئاسانکاریی گومرگی و باج و پشتیوانی کەرتی تایبەت، لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگی دژی گەندەڵی و زیاتکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز بۆ ئەوەی عێراق ببێتە ناوەندێکی جیهانیی وزە.

لە کۆتاییدا سەرۆک وەزیرانی عێراق نیگەرانیی عێراقی دەربڕی بەرامبەر ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی ئازادیی کەشتیوانی و گواستنەوەی دەریایی دەبنەوە کە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە سەرانسەری جیهاندا، ئاماژەی بەوەش کرد کە سەقامگیریی ڕاستەقینە بە جەنگ دروست نابێت، بەڵکو بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دەهێنرێتە دی نەک ململانێ.


PM:06:24:25/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت