فڕۆکەوانیی ئێران فرۆشتنی تیکتی گەشتەکانی بۆ عێراق و هەرێم ڕاگرت
وێستگەنیوزـ
لەژێر گوشاری سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ سەر فڕۆکەخانەکان، هێڵی ئاسمانیی ئێران گەشتەکانی بۆ عێراق وەستاند و بڕیاری دا پارەی تیکتە فرۆشراوەکان بۆ گەشتیاران بگەڕێنێتەوە.
هێڵی فڕۆکەوانیی ئێران بڕیاری دا فرۆشتنی تیکتی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ عێراق تا کاتێکی نادیار ڕابگرێت، ئەوەش دوای ئەوەی فڕۆکەخانەی نەجەف و فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان خزمەتگوزارییان بۆ فڕۆکەکانی ئەو وڵاتە وەستاند.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر کەرتی هێڵی ئاسمانیی ئێراندا سەپاند و هۆشداری توندی دایە تەواوی فڕۆکەخانە و کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی زەمینی، کە هەر لایەنێک سووتەمەنی یان خزمەتگوزاری پێشکەش بە فڕۆکە ئێرانییەکان بکات، دەکەوێتە بەر سزاکان و لە بەکارهێنانی سیستەمی دارایی دۆلار بێبەش دەکرێت.
لای خۆیانەوە، کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی زەمینی لە فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆ دووربوون لە دەرئەنجامی سزاکانی واشنتن و پاراستنی مامەڵە داراییەکانیان، ناچار بوون تەواوی خزمەتگوزارییەکانیان بۆ فڕۆکە ئێرانییەکان ڕابگرن.
PM:04:56:25/09/2026
ئهم بابهته 112
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت