5 تۆڕی سەرەکیی ئەمریکا رووماڵکردنی چالاکییەکانی ترەمپیان راگرت


وێستگەنیوز-

وەک هەڵوێستێکی ناڕەزایەتی بەرانبەر بڕیارەکانی کۆشکی سپی بۆ رێگریکردن لە کەناڵی (CNN)، هەریەکە لە تۆڕە هەواڵییە سەرەکییەکانی ئەمریکا (ABC، CBS، Fox News و NBC) رووماڵکردن و پەخشکردنی چالاکییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان راگرت، بایکۆتی بەکۆمەڵی ئەم میدیایانە و ئامادەنەبوونی تیمی هاوبەشی تەلەڤزیۆنی لە گەشتەکانی سەرۆکدا بە رووداوێکی نائاسایی دادەنرێت و پرسیاری زۆری لەسەر چۆنیەتیی رووماڵکردنی دیدارەکانی ترەمپ لە نیویۆرک دروستکردووە.


ئەم گرژییە دوای ئەوە هات کە دەزگاکانی (CNN، MS Now و Politico) لە دادگای فیدراڵیدا تانەیان لە بڕیارێکی کۆشکی سپی دا بەهۆی سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی رۆژنامەنووسەکانیان، کە لەلایەن ترەمپەوە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی "هەواڵی ساختە" مۆڵەتیان لێسەندرابووەوە و هۆشداریی دابوو کە دەزگای دیکەش دەگرێتەوە. تۆڕە هەواڵییەکان ئەم هەنگاوەی کۆشکی سپی وەک پێشێلکارییەکی ئاشکرای هەموارکردنی یەکەمی دەستووری ئەمریکا دەبینن، هەروەها هەندێک سەرچاوەی چاپەمەنیش رەتیانکردەوە وێنە فەرمییەکانی پەردەلادان لەسەر نیشتنەوەگەی نوێی هێلیکۆپتەری سەرۆکایەتی بڵاوبکەنەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم ململانێیەدا، لە 21ـی سێپتەمبەردا کۆشکی سپی لە رێگەی یوتیوب و ماڵپەڕی فەرمیی خۆیەوە پلاتفۆرمێکی پەخشی راستەوخۆی بە ناوی "ترەمپ تیڤی: وێستگەی بنەڕەتییەکان" راگەیاند، کە بە شێوەی 24/7 و بەردەوام وتارەکانی سەرۆک، راگەیەندراوەکانی ئیدارەکەی و ساتە دیاریکراوەکانی ساڵانی حوکمڕانیی ترەمپ پەخش دەکات بەبێ ئەوەی فلتەری دەزگا رۆژنامەوانییە سەربەخۆکانی بەسەردا بێت.

چاودێران و راپۆرتە شیکارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، بەکارهێنانی میدیای تایبەت بە سەرکردەکان مێژوویەکی لەم شێوەیەی هەیە؛ وەک بەرنامەی "ئەلۆ سەرۆک"ی هوگۆ چاڤێز لە ڤەنزوێلا کە لە 1999 دەستیپێکرد و هەندێک ئەڵقەی تا 6 کاتژمێر دەخایاند، یان کۆنگرە بەیانیانییەکانی "مانیانێراس"ی ئەندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر لە مەکسیک کە رۆژانە زیاتر لە 3 کاتژمێری دەخایاند، هەروەها بەرنامە درێژەکانی پرسیار و وەڵامی ڤلادیمیر پوتین لە رووسیا کە لە 2025دا زیاتر لە 2.5 ملیۆن پرسیاری بۆ هاتبوو، جگە لە ئەزموونی ئیمپراتۆریەتی مێدیاسێتی سیلڤیۆ بێرلۆسکۆنی لە ئیتاڵیا و وتووێژەکانی لای ئاگردانی فرانکڵین دی روزڤێڵت لە سەردەمی پاشەکشەی گەورەی ئابووریی ئەمریکادا؛ بەڵام جیاوازیی ترەمپ تیڤی لەوەدایە کە کەناڵێکی فەرمیی دەوڵەتە و دەسەڵاتی ئیدیتۆریال و هەڵبژاردنی هەواڵەکان دەخاتە دەست خودی دەسەڵاتداران لە جیاتی رۆژنامەنووسانی سەربەخۆ.

لە بەرانبەر ئەم کاردانەوانەدا، دۆناڵد ترەمپ لە پلاتفۆرمی "ترووس سۆشیاڵ" دانی بە هەبوونی داوا یاساییەکەدا نا، بەڵام پێداگریی لەسەر بۆچوونەکانی کردەوە و دەزگاکانی بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست تۆمەتبار کرد، هاوکات راشیگەیاند کە هەر کارێک پێویست بێت ئەنجامی دەدات بۆ دڵنیابوونەوە لە گەشەکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.


AM:09:42:22/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو