حوسییەکان هێرشیان کردە سەر ریاز و یەنبەع؛ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی شا خالید پەککەوتن
وێستگەنیوز-
بزووتنەوەی ئەنسارولڵا (حووسییەکان) لە یەمەن لەڕێگەی ژمارەیەک مووشەکی بالیستی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ریازی پایتەختی سعوودیە و پارێزگای یەنبەع، بەوهۆیەوە گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی شا خالید پەککەوتن.
یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حووسییەکان، ڕایگەیاند، هێزەکانیان دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەتیان ئەنجامداوە؛ لە ئۆپەراسیۆنی یەکەمدا چەند ئامانجێکی هەستیاریان لە ریاز پێکاوە و لە ئۆپەراسیۆنی دووەمیشدا دامەزراوەکانی کۆمپانیای ئارامکۆیان لە یەنبەع کردووەتە ئامانج.
جەختیشی کردەوە لەوەی هەردوو ئۆپەراسیۆنەکە ئامانجەکانی خۆیان پێکاوە و ئاگری گەورەیان لە شوێنەکاندا کەواندووەتەوە.
هاوکات، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە، دووکەڵێکی رەشی چڕ لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز بەرزبووەتەوە، ئەوەش بەهۆی گڕگرتنی کۆگایەکی سووتەمەنیی سەر بە کۆمپانیای ئارامکۆ لە نزیک فڕۆکەخانەکە.
ڕاشیگەیاند، رووداوەکە بووەتە هۆی پشێوی و پەککەوتن، دواکەوتن و هەڵوەشاندنەوەی چەندان گەشتی ئاسمانی.
لە بەرامبەردا، دەستەی بەرگریی شارستانیی سعوودیە هۆشداریی لەبارەی ئەگەری هێرشێکی ئاسمانی لە 10 شار و پارێزگای وڵاتەکە کە ریازیشی تێدایە بڵاوکردەوە، ئەمەش یەکەم هۆشداریی لەو جۆرەیە لە دوای دەستپێکردنەوەی جەنگ لە یەمەن لە مانگی تەمووزی ڕابردووەوە.
PM:10:00:19/09/2026
ئهم بابهته 228
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت