بەهۆی هەڵەیەکی ژیریی دەستکردەوە؛ ئەمریکا نزیکبوو جەنگ دژی چین هەڵبگیرسێنێت


وێستگەنیوز-

(سی ئێن ئێن) بڵاویکردووەتەوە، کە راپۆرتێکی هەواڵگری کە لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە ئامادەکرابوو، لە بەهاری ئەمساڵدا سوپای ئەمریکای خستە لێواری ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازیی راستەوخۆ بۆ سەر کەشتییەکی بارهەڵگری چین لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە گومانی ئەوەی کەرەستەی پەیوەندیدار بە چەکی ئەتۆمی دەگوازێتەوە.


بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ تۆڕی (سی ئێن ئێن)یان ئاشکرا کردووە، رووداوەکە لە بەهاری ئەمساڵ و لە گەرمەی گرژییە سەربازییەکانی پەیوەست بە ئێراندا بووە؛ راپۆرتێکی هەواڵگری لەنێو کارمەندانی سوپای ئەمریکادا بڵاوبووەتەوە و هۆشداری داوە لەوەی کەشتییەکی چینی کەرەستەی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی هەڵگرتووە، زانیارییەکان بە جۆرێک بە هەند وەرگیراون کە فەرماندەیی سەربازیی ئەمریکا فڕۆکە جەنگییەکانی خستووەتە ئاسمان و هێزە تایبەتە چەکدارەکانیشی ئامادە کردووە تا بچنە سەر کەشتییەکە و کۆنترۆڵی بکەن.

بەڵام تەنها کەمێک پێش جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە، بەرپرسانی باڵا لێکۆڵینەوەی زیاتریان لە راپۆرتەکە کردووە و بۆیان دەرکەوتووە زانیارییەکان بە تەواوی نادروست و هەڵبەستراون، پاشان روونبووەتەوە کە شیکەرەوەیەکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان بۆ دەستنیشانکردنی باری کەشتییەکە پشتی بە چاتبۆتێکی ژیریی دەستکرد بەستووە؛ سیستەمەکە داتاکانی ئینتەرنێت و زانیارییە نهێنییە هەواڵگرییەکانی تێکەڵ کردووە و بە هەڵە گەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەی کە کەشتییەکە ماددەی ئەتۆمی هەڵگرتووە، لە کاتێکدا تا ئێستاش پشتڕاست نەکراوەتەوە کە بە راستی چی لەناو کەشتییە چینییەکەدا بووە.

بەرپرسانی سەربازی دووپاتی دەکەنەوە، ئەگەر ئەو هەڵەیە لە کاتی خۆیدا ئاشکرا نەکرابایە، هێرشکردنە سەر کەشتییە چینییەکە دەکرا پەیوەندییەکانی واشنتۆن و پەکین بەرەو پەرەسەندنێکی مەترسیدار ببات و بگۆڕێت بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری لە نێوان ئەو دوو زلهێزەدا.

ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە سەرەتای ئەمساڵدا ستراتیژییەکی نوێی بۆ خێراکردنی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ 3 ملیۆن کارمەند و سەربازی وەزارەتەکەی راگەیاند، بە ئامانجی کەمکردنەوەی رۆتین و پاراستنی باڵادەستیی تەکنەلۆژیی ئەمریکا بەسەر چیندا.

سەرەڕای ئەم هەوڵانە، رووداوەکە نیگەرانیی قووڵی لای بەرپرسانی هەواڵگری دروستکردووە، بەوپێیەی پڕۆسەی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە سوپای ئەمریکادا تا ئێستا رێکنەخراوە و هیچ پێوەرێکی یەکگرتوو بوونی نییە بۆ پشتڕاستکردنەوە و پشکنینی ئەو داتایانەی کە ئەم سیستەمانە بەرهەمی دەهێنن.


AM:11:17:19/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت