ئەمەریکا ڤیزا دەداتە سەرۆکی ئێران و لە سەرۆکی فەڵەستینی قەدەغە دەکات


وێستگەنیوز-

لە هەنگاوێکی جێی مشتومڕدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داواکاریی پێدانی ڤیزای بە مەحمود عەباس، سەرۆکی فەلەستین رەتکردەوە، لە بەرانبەریشدا رێگەی بە مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران و شاندەکەی دا بەشداری لە کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرک بکەن، بەڵام بە سەپاندنی مەرجی توند بەسەریاندا.


بەپێی راگەیەندراوە فەرمییەکان، ئەمە بۆ دووەم ساڵی لەسەریەکە کە واشنتۆن رێگری دەکات لە مەحمود عەباس و بەرپرسانی رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین بچنە ئەو وڵاتە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ "پابەندنەبوونیان بە چاکسازی و دروستکردنی رێگری لە پڕۆسەی ئاشتی" گەڕاندووەتەوە، هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە بڕیارەکە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی چالاکییەکانیان و کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی ناوچەکە دراوە، لە ئەنجامی ئەم رێگرییەش، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ناچار بوو بە زۆرینەی دەنگ بڕیار بدات کە مەحمود عەباس لە رێگەی ڤیدیۆی تۆمارکراوەوە وتاری فەلەستین پێشکەش بکات.

لە لایەکی دیکەوە، سەرەڕای بوونی گرژی و جەنگی راستەوخۆ لە نێوان واشنتۆن و تاران، ئەمەریکا ڤیزای بۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران و عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەرکرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا روونیکردووەتەوە کە پێدانی ڤیزا بە شاندەکەی ئێران تەنیا پابەندییەکی یاساییە لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک وڵاتی خانەخوێ، بە هیچ شێوەیەکیش بە مانای باشبوونی پەیوەندییەکان نایەت.

سەرەڕای ئەوەش، شاندی ئێران لە ناو شاری نیویۆرکدا رووبەڕووی سنووردارکردنی توندی هاتووچۆ دەبنەوە و قەدەغەیان لەسەرە کە هیچ جۆرە کاڵایەکی گرانبەها بکڕن، ئەم جیاوازییە لە مامەڵەکردنیش کاردانەوەی جیاوازی لە ناوەندە دیپلۆماسییەکاندا دروستکردووە.

بەپێی پاشخانی مێژوویی، رێککەوتننامەی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی 1947 واژۆ کراوە، ئەمەریکا پابەند دەکات بەوەی رێگە بدات هەموو دیپلۆماتکارانی وڵاتانی ئەندام سەردانی خاکەکەی بکەن بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکان، بەڵام واشنتۆن بەردەوام ئەم یاسایەی وەک کارتی فشار دژی نەیارەکانی بەکارهێناوە، بە بڕوای چاودێران، رەتکردنەوەی ڤیزای عەباس نیشانەی داڕمانی تەواوەتیی پەیوەندییەکانی ئیدارەی ترەمپ و دەسەڵاتی فەلەستینە، لە کاتێکدا ترەمپ دەیەوێت لە رێگەی دیپلۆماسییەوە تاران ناچاری واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێ بکات.


PM:06:51:18/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت