میدیاکانی ئیسرائیل: سعودیە لە رێگەی ئەمریکاوە داوای پشتیوانیی هەواڵگری لە تەلئەبیب دەکات


وێستگەنیوز-

میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کرد، شازادەی جێنشینی سعودیە داوای لە بەرپرسانی وڵاتەکەی کردووە لە رێگەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکۆم"، پەیوەندی بە تەلئەبیبەوە بکەن بە مەبەستی بەدەستهێنانی پشتیوانیی هەواڵگری بۆ پاراستنی گەرووی بابولمەندەب و رێگریکردن لە حوسییەکان لە داخستنی ئەو رێڕەوە ئاوییە گرنگە.


بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "ئیسرائیل هیۆم"، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، هۆشداری داوەتە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان لە زیانە ئابوورییەکانی داخستنی بابولمەندەب کە کەنداوی عەدەن بە دەریای سوور و نۆکەندی سوێسەوە دەبەستێتەوە و رێڕەوی سەرەکیی تێپەڕبوونی نەوتهەڵگرەکانە، بەهۆی مەترسییەکانیشەوە ریاز ناچار بووە ئاراستەی کەشتییە نەوتییەکانی بەرەو دەوری ئەفریقا بگۆڕێت.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ریاز لە کاتێکدا رووی لە هاوکاریی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل کردووە کە پێشتر داوای دەستێوەردانی سەربازیی راستەوخۆی لە ئەمریکا کردبوو، بەڵام دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا داواکەی رەتکردووەتەوە لەبەر ئەوەی نایەوێت لەم کاتەدا بەرەیەکی نوێی جەنگ بکاتەوە، ئەمەش وای کردووە واشنتۆن بژاردەی هێرشی ئاسمانی سنووردار تاوتوێ بکات بە مەرجی جێگیرکردنی سەکۆی مووشەکی لەو شوێنانەی لەژێر دەستی حوسییەکان دان.

هاوکات سعودیە لە ئێستادا رووبەڕووی تەنگژەیەکی گەورە بووەتەوە بەهۆی کەوتنە مەترسیی 3 رێڕەوی سەرەکیی هەناردەی نەوتەکەی، کە بریتین لە گەرووی هورمز، بابولمەندەب و هێڵی وشکانی بەرەو دەریای سوور؛ بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخەکەش پەنای بۆ دەوڵەتانی کەنداو و میسر بردووە کە ئەویش بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی کەناڵی سوێس هاوسۆزی هەڵوێستەکەی ریازە.

لەلایەکی دیکەوە، هەریەک لە پاکستان و تورکیا کە مانگی رابردوو رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشیان لەگەڵ سعودیە واژۆ کردووە، هەڵوێستێکی پارێزگارانەیان گرتووەتەبەر و تەنها بە هەوڵی نێوەندگیری بەسەندەیان کردووە تا لەگەڵ تاران نەکەونە ململانێوە، لە بەرامبەریشدا وڵاتانی کەنداو لە رێگەی عومانەوە هەوڵ دەدەن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران بگەنە لێکتێگەیشتنێکی کاتی بۆ ئاسانکاریی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز.

سەبارەت بە هەڵوێستی تەلئەبیب، شیکەرەوە سەربازییەکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن کە لەم قۆناغەدا دەستوەردان ناکەن، سەرەڕای ئەوەی پێشهاتەکان کاریگەریی نەرێنییان لەسەر بازرگانییە دەریاییەکەی داناوە، بەڵام سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی نوێ لەگەڵ هێزەکانی یەمەن ئامادە دەکات.


PM:12:10:14/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت