پوتین: سیستەمی یەکجەمسەری کە تەنیا خزمەتی بەگرووپێکی بچووک لەدەوڵەتان دەکرد بەرەو مێژوو دەڕوات


وێستگەنیوز-

فلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا لە وتارێکدا لە کۆڕبەندی بازرگانی و لوتکەی بریکس رایگەیاند، تەواوی سیستەمی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان رووبەڕووی تێکچوون بووەتەوە و ئەو نەزمە یەکجەمسەرییەی تەنیا خزمەتی بە گرووپێکی تەسک لە دەوڵەتان دەکرد، بەرەو مێژوو دەڕوات و دەبێتە بەشێک لە رابردوو.


سەرۆکی روسیا ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی جیهانی فرەجەمسەر ئاسان نین و بەرهەڵستی دەکرێن لەلایەن ئەو هێزانەی کە هێشتا بە عەقڵییەتی کۆلۆنیالیستی بیر دەکەنەوە و لەسەر حیسابی گەلانی دیکە دەژین. پوتین وتیشی: "ئەوان دەیانەوێت گۆی زەوی دابەش بکەن بەسەر (باخچەیەکی گەشاوە و پشکوتوو) لەگەڵ (دارستان و جەنگەڵێکی کێوی و تاریک)دا، هاوکات ئامادە نین دان بە راستییە نوێیەکاندا بنێن، بۆیە هەموو ئامرازێک دژ بە رکابەرە گەشەسەندووەکانیان بەکاردەهێنن، لەوانە سەپاندنی سزای نایاسایی، هەڵگیرساندنی جەنگی باجی گومرگی، باجسەندنی زۆرەملێ، دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆ و پەنابردن بۆ هێزی رووت".

لە تەوەرێکی دیکەی وتەکانیدا، پوتین نیگەرانیی خۆی لە کەمبوونەوەی کاریگەریی پێکهاتە فرەلایەنەکان دەربڕی و جەختی کردەوە، روسیا بایەخێکی تایبەت و نائاسایی بە پاراستن و بەهێزکردنی رۆڵی سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات لە کاروباری جیهانیدا. سەرۆکی روسیا روونیکردەوە کە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان بنەمای سەرەکیی یاسای نێودەوڵەتییە، سەرەڕای ئەوەی هەندێک دەوڵەت هەوڵ دەدەن سیستمێک لەسەر بنەمای کۆمەڵێک رێسای نادیار بسەپێنن کە نازانرێت کێ دایناون.
سەبارەت بە فراوانبوونی بلۆکی بریکس، پوتین دووپاتیکردەوە کە پێگە، دەسەڵات و کاریگەریی ئەم هاوپەیمانێتییە لەسەر ئاستی جیهان بە شێوەیەکی بەردەوام روو لە هەڵکشانە، چونکە لەسەر بنەماکانی یەکسانی، دراوسێیەتیی باش و رێزگرتن لە نەریت، مێژوو و بەهای هاوبەش دامەزراوە.

سەرۆکی روسیا ئاشکراشی کرد کە وڵاتانی بریکس خاوەنی توانایەکی گەورەی هزری و تەکنەلۆژین، ئێستاش هاوسەنگیی هێز لە جیهاندا بەرەو سەنتەرە نوێکانی گەشەکردن لە باشوور و رۆژهەڵات دەگۆڕێت و جموجۆڵی بازرگانیش بە خێرایی بەرەو بازاڕە تازەپێگەیشتووەکان هەنگاو دەنێت، هەر بۆیە داهاتووی سیاسەت، ئابووری، ئاسایش و کاروباری مرۆیی جیهان پەیوەستە بە بڕیارە هاوبەشەکانی ئەم بەرەیە و پێویستە دەوڵەتی زیاتریش لەم پرۆسەیەدا بەشدار بن بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیری.


PM:03:51:12/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت