حووسییەکان: 9 فڕۆکەی سعودیەمان خستووەتە خوارەوە و 5 هەزار و 400 کیۆمەتر دووجامان کۆنتڕۆڵ کردووە
وێستگەنیوز –
وتەبێژی سەربازیی حووسییەکان ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای یەمەن ڕاگەیاند و ئاماژەی بە دەستبەسەرداگرتنی ڕووبەرێکی بەرفراوان و خستنەخوارەوەی چەندین فڕۆکەی جەنگیی سعودیە کرد.
ئەمڕۆ هەینی 11ـەی ئەیلولی 2026، یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حووسییەکان ئاشکرای کرد، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە شەش بەڕێوەبەرایەتیی پارێزگاکانی تەعز و حودەیدە، دەستیان بەسەر ڕووبەری 5 هەزار و 400 کیلۆمەتر دووجادا گرتووە.
جەختیشی کردەوە کە هێرشیان کردووەتە سەر حەوت فیرقەی سەربازیی سەر بە سعودیە پێکهاتوو لە 38 لیوا و لە ڕێگەی 32 ئۆپەراسیۆنی بەرگریی ئاسمانییەوە، توانیویانە 9 فڕۆکەی جەنگیی سعودیە بخەنە خوارەوە و سەدان سەرباز بکوژن یان بەدیل بگرن.
ڕاشیگەیاند، هاتوچۆی دەریایی بۆ سەرجەم کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان سەلامەتە و هێرشەکانیان تەنیا کەشتییە سعودییەکان دەکاتە ئامانج.
لە لایەکی ترەوە، حەزام ئەسەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حووسییەکان ڕایگەیاند، هاتوچۆی بازرگانی لە دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب ئاساییە و بەردەوامە.
هاوكات جەختی کردەوە کە هیچ پلانێکیان نییە بۆ سەپاندنی باج و ڕسومات بەسەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکاندا.
PM:06:05:11/09/2026
ئهم بابهته 532
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت