ئەکسیۆس: ترەمپ داواکارییەکی بن سەلمانی بۆ بۆردومانکردنی حووسییەکان رەتکردەوە


وێستگەنیوز-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داواکارییەکی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیەی بۆ دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانی لە دژی چەکدارانی حووسی لە یەمەن رەتکردەوە و ئامادە نییە هێزەکانی وڵاتەکەی راستەوخۆ تێوەبگلێنێت.


پێگەی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی لەسەر زاری 2 بەرپرسی وڵاتەکەی ئاشکرای کرد، محەمەد بن سەلمان لە رۆژی پێنجشەممەدا و لە رێگەی 2 پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە، داوای لە دۆناڵد ترەمپ کردووە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆردومانی پێگەکانی حووسییەکان بکەن، بەڵام ترەمپ داواکەی قبوڵ نەکردووە و رەتیکردووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوە ئەمریکییەکان، کۆشکی سپی لەم کاتەدا هیچ پلانێکی بۆ گرتنەبەری رێکاری سەربازیی راستەوخۆ دژی حووسییەکان نییە؛ هاوکات لەگەڵ هەبوونی نیگەرانیی قووڵ بەرامبەر بە پەرەسەندنی ململانێکانی یەمەن، ئیدارەی ئەمریکا دەیەوێت بەبێ دەستتێوەردانی سەربازیی راستەوخۆ، پەرە بە پاڵپشتییەکانی بۆ ریاز بدات.

هاوتەریب لەگەڵ ئەم هەوڵانە، ئادمیرال براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ و هەماهەنگیی بەپەلە گەیشتووەتە سعوودیە. بەرپرسانی سەربازی و مەدەنیی واشنتن لە چەند هەفتەی رابردوودا بە هاوتا سعوودییەکانیان راگەیاندووە کە رێنماییەکانی ترەمپ بە روونی دووپاتی دەکەنەوە کە پێویستە هێزەکانی ئەمریکا تەواوی سەرنجیان لەسەر ئێران و پاراستنی هاتوچۆی دەریایی بێت لە گەرووی هورمز، و بە تەواوی خۆیان لە کردنەوەی بەرەیەکی نوێی شەڕ بەدوور بگرن.

ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدان کە پێشتر ئاژانسی رۆیتەرز لە مانگی تەمموزدا بڵاویکردبووەوە کە سعوودیە هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی داوە تا بتوانێت رێڕەوی کەشتیوانی لە دەریای سوور لە هێرشەکانی حووسییەکان بپارێزێت. دەستپێکی گرژییە نوێیەکانیش بۆ سەرەتای مانگی تەمموز دەگەڕێتەوە، ئەو کاتەی حووسییەکان رایانگەیاند هێزەکانیان رووبەڕووی فڕۆکەیەکی جەنگیی سعوودیە بوونەتەوە کە هەوڵیدابوو رێگری لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئێرانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا بکات.


PM:01:08:11/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت