ترەمپ: لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ئێران پەشیمان نیم و کۆنترۆڵی گەرووی هورمزمان کردووە


وێستگەنیوز-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی نوێدا بەرگری لە هەڵمەتە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دژ بە ئێران کرد و رایگەیاند، هیچ پەشیمان نییە لە بەئامانجگرتنی ئەو وڵاتە و ئەگەر دۆخەکەش دووبارە ببێتەوە بە هەمان شێوازی پێشوو هەنگاو دەنێت.


ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "فۆکس نیوز" باسی لەوە کرد کە باوەڕی بە وشەی پەشیمانی نییە و وتی: "مرۆڤ هەمیشە دەتوانێت کەمێک گومان لە خۆی بکات، بەڵام ئەگەر ناچار بم جارێکی دیکە ئەو کارە بکەمەوە، بە هەمان شێوازی پێشوو دەیکەمەوە، چونکە من توانای ئەتۆمیی ئەوانم لەنێوبرد"، ئەم لێدوانەش لە کاتێکدایە کە لە جەنگی شوباتی رابردوودا ئەمریکا و ئیسرائیل دامەزراوە ئەتۆمییەکانی تارانیان نەکردە ئامانج، بەڵام ترەمپ پێشتر بانگەشەی ئەوەی کردبوو بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ساڵی پێشتر لە هێرشەکانی ئەمریکادا بە تەواوی خاپوور کراوە.

سەرۆکی ئەمریکا پێشبینی ئەوەی کرد کە جەنگەکە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی قۆناغی ئەمریکا کۆتایی پێبێت، ئاماژەی بەوەش دا ئێران کەوتووەتە ژێر گوشاری سەختی ئابووری و سەربازییەوە و رایگەیاند: "رێژەی هەڵاوسان لە ئێران گەیشتووەتە 300%، هاوکات ئەندامانی سوپا و دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا مووچە وەرناگرن، بە جۆرێک ئێرانییەکان بە سەختی درێژە بە جەنگەکە دەدەن و لە قەیراندان".

لە بارەی توانای سەربازیی تارانەوە، ترەمپ روونیکردەوە کە توانای مووشەکیی ئێران بە رادەیەکی زۆر تێکشکێنراوە و توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی زیاتریان قورس بووە، بەڵام دانی بەوەشدا نا کە هێشتا دەسەڵاتی ئەوەیان ماوە هەندێکیان بتەقێنن.

سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دا کە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی هەڕەشەیە بۆ سەر ئیسرائیل، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شارەکانی ئەمریکا، بۆیە رێگە بەوە نادەن؛ هەروەها بەرگری لە کشانەوەی واشنتۆن کرد لە رێککەوتنی ئەتۆمی و باسی لەوە کرد فڕۆکە بۆمبڕێژکەرەکانی B-2 بەکارهێنراون بۆ رێگریکردن لە هەنگاوەکانی تاران.

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا سەبارەت بە رەوشی گەرووی هورمز، ترەمپ ئاشکرای کرد کە لە ئێستادا ئەمریکا بە تەواوی کۆنترۆڵی ئەو رێڕەوە ئاوییەی کردووە نەک ئێران، هەروەها هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە لە شەوی رابردوودا 22 کەشتی لە ناو گەرووەکە دەربهێنن.


AM:09:25:11/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت