رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی: ناتانیاهۆ هۆشدارییەکی پێشوەختی سەرۆکی ئیماراتی لەبارەی هێرشەکەی حەماس پشتگوێ خستووە
وێستگەنیوز –
رۆژنامەی "هائارێتز"ی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کرد، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نزیکەی 10 رۆژ پێش رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023، هۆشدارییەکی روونی لەلایەن محەمەد بن زاید، سەرۆکی ئیماراتەوە پێگەیشتووە سەبارەت بەوەی حەماس ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێکی فراوان دەکات.
بەپێی راپۆرتەکە، محەمەد بن زاید لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی 45 خولەکیدا بە ناتانیاهۆی راگەیاندووە کە یەحیا سینوار، رێبەری حەماس خەریکی خۆئامادەکردنە بۆ ئەنجامدانی کارێکی گەورە، بەڵام ناتانیاهۆ لە وەڵامدا دڵنیایی داوەتە سەرۆکی ئیمارات کە ئیسرائیل بۆ هەر سیناریۆیەک ئامادەیە و حەماس لە ئێستادا تەنها سەرنجی لەسەر کەرتی رۆژئاوایە.
هاوکات ئاماژە بەوە کراوە کە سەرۆکی ئیمارات هەر بەوەوە نەوەستاوە، بەڵکو هۆشداریی هاوشێوەی گەیاندووەتە ویلیام بێرنز، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) و پێی راگەیاندووە کە دۆخەکە "لە لێواری تەقینەوەدایە."
سەرەڕای ئەم هۆشدارییە هەستیارانە، ناتانیاهۆ سەرۆکەکانی (شاباک، مۆساد و سوپای ئیسرائیل)ی لەم زانیارییانە ئاگادار نەکردووەتەوە، هەندێک لە بەرپرسانی باڵای ئەمنیی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەگەر ئاگاداری ئەو هۆشدارییە بوونایە، بە دڵنیاییەوە هەڵسەنگاندنەکانیان بۆ پلانەکانی حەماس دەگۆڕدرا.
ئەم زانیارییانە لە کاتێکدایە کە پێشتر و لە مانگی ئەیلوولدا، نێوەندگیرەکان پەیامێکی یەحیا سینواریان گەیاندبووە ئیسرائیل کە تێیدا ئاماژەی بە روودانی "بوومەلەرزەیەکی نزیک" کردبوو.
لە بەرانبەردا، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ هەموو ئەم هەواڵانە رەت دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە سەرۆک وەزیران هیچ هۆشدارییەکی لەو شێوەیەی لە سەرۆکی ئیماراتەوە پێ نەگەیشتووە و ئەم بانگەشانە بە "درۆیەکی رەها" وەسف دەکات.
AM:11:00:08/09/2026
ئهم بابهته 412
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت