رووسیا: زێلینسكی لە ئوسامە بن لادن مەترسیدارترە؛ کیێڤ بووەتە ناوەندی تیرۆر


وێستگەنیوز-

ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، هێرشێکی توندی کردە سەر ڤۆلۆدیمیر زێلینسكی، سەرۆکی ئۆکراینا و تۆمەتباری کرد بەوەی کیێڤی گۆڕیوە بۆ نموونەیەکی هەناردەکردنی تیرۆر لە جیهاندا.


زاخارۆڤا لە لێدوانێکدا رایگەیاند، رژێمی کیێڤ لە ئێستادا مەترسییەکی راستەقینەیە بۆ سەر تەواوی جیهان. ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشتر واشنتۆن و لەندەن و وڵاتانی ناتۆ، ئوسامە بن لادن، سەرۆکی پێشووی رێکخراوی قاعیدەیان بە هەڕەشەی سەرەکی دادەنا، بەڵام ئێستا زێلینسكی لە رووی قەبارەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە بن لادن تێپەڕی کردووە و لە هەموو شوێنێک بووەتە مەترسی.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ئەم تۆمەتانەی بەستەوە بە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئۆکراینا بۆ سەر سەرچاوەکانی وزە، زاخارۆڤا ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشکردنە سەر بۆری نەوتی دەریای قەزوین و ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەی نەوتی کازاخستان دەگوازنەوە، سەلمێنەری ئەوەن کە کیێڤ ئاسایشی وزەی جیهانی خستووەتە مەترسییەوە.

زاخارۆڤا جەختی لەوەش کردەوە، کە ئەو هەوڵانەی رژێمی کیێڤ ئەنجامی دەدات تەنها زیان بە نەیارەکانی ناگەیەنێت، بەڵکو مەترسییەکان وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆکرایناشی گرتووەتەوە و زیانی گەورە بە ئاسایشی نێودەوڵەتی دەگەیەنێت.


AM:10:17:07/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت