فالح ساری: گۆڕانکاریی گەورە لە دەروازە گومرگییەکان دەکرێت


وێستگەنیوز ـ

وەزارەتی دارایی عێراق هەنگاوێکی نوێ بۆ ڕێکخستنەوەی دەروازە سنوورییەکان دەنێت و قۆناغێکی نوێی چاودێریی ئەلیکترۆنی ڕادەگەیەنێت، فالح ساری، وەزیری دارایی، جەخت لەسەر لابردنی ڕۆتین و خێراکردنی مامەڵە گومرگییەکان دەکاتەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی ئەیلولی 2026، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، بەسەرکردنەوەیەکی مەیدانی بۆ بارەگای دەستەی گشتیی گومرگەکان ئەنجامدا، بە پێی ڕاگەیاندراوەکە، ئامانجی سەردانەکە ئاگاداربوون بوو لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان و پێداچوونەوە بە پلانەکانی پەرەپێدانی سیستەمی گومرگی وڵات لە ساڵی 2026ـدا.

ئاماژە بەوە کراوە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ کادرانی دەستەکە و تیمی ئۆنکتاد و تیمی نیشتمانیی سیستەمی ئەسیکۆدا، وەزیری دارایی بەدواداچوونی بۆ پڕۆژەی بەدیجیتاڵیکردن کرد.

ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە بەرزکردنەوەی ئاستی چاودێری و کۆتاییهێنانە بە مامەڵەی کاغەز، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گەندەڵی و بەفیڕۆچوونی کات.

فالح ساری ڕایگەیاند: پەرەپێدانی کەرتی گومرگ یەکێکە لە ڕێڕەوە ستراتیژییەکانمان بۆ زیادکردنی داهاتی نانەوتی و بەهێزکردنی سەرچاوە داراییەکانی دەوڵەت.

وەزیر جەختی کردەوە کە توندکردنەوەی ڕێکارە چاودێرییەکان تەنها بۆ ڕێگرییە لە گەندەڵی و پاراستنی مافی گشتی.

لە کۆتایی سەردانەکەیدا، وەزیری دارایی ڕێنمایی داوە بە بەرپرسانی گومرگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی جەنجاڵی لە هەندێک لە ناوەندەکان و خێراکردنی ڕێکارەکان، ئامانج لەم کارە ئاسانکارییە بۆ جووڵەی بازرگانی و خزمەتکردن بە گەشەی ئابووری عێراق، بەجۆرێک کە بازرگانان بتوانن بەبێ ڕۆتینی زیادە مامەڵەکانیان ڕایی بکەن.


PM:09:34:06/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 72 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت