بۆ یەکەمجار لە مێژوودا؛ نەتەوە یەکگرتووەکان نەخشەی جیهانی گۆڕی و قەبارەی کیشوەرەکان راست دەکرێنەوە
وێستگەنیوز-
کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی مێژوویی سەبارەت بە گۆڕینی نەخشەی جیهان پەسەند کرد، ئەوەش دوای هەڵمەتێکی فراوانی وڵاتانی ئەفریقا کە داوایان دەکرد کیشوەرەکەیان بە قەبارەی راستەقینەی خۆی نیشان بدرێت.
رۆژی هەینی، لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، پڕۆژەبڕیارێک کە لەلایەن وڵاتی تۆگۆوە پێشکەش کرابوو، بە دەنگی 164 دەوڵەت پەسەند کرا, بڕیارەکە جەخت لە بەکارهێنانی نەخشەی "زەوی یەکسان" (Equal Earth) دەکاتەوە لەبری نەخشەی تەقلیدی "مێرکاتۆر" کە لە ساڵی 1569وە جیهان پشتی پێ دەبەستێت.
نەخشە کۆنەکە کە لەلایەن گێراردوس مێرکاتۆرەوە دیزاین کرابوو، زیاتر بۆ مەبەستی دەریاوانی سوودی لێ دەبینرا، بەڵام بەهۆی شێواندنی قەبارەی کیشوەرەکانەوە رەخنەی توندی لێ دەگیرا، لەو نەخشەیەدا ناوچەکانی نزیک جەمسەرەکان وەک ئەمریکای باکوور و گرینلاند زۆر گەورەتر لە قەبارەی خۆیان دەردەکەوتن، لەکاتێکدا کیشوەرەکانی وەک ئەفریقا و ئەمریکای باشوور بچووک کرابوونەوە. بۆ نموونە؛ لە نەخشە کۆنەکەدا گرینلاند و ئەفریقا هاوقەبارە دەبینرێن، بەڵام لە نەخشە نوێیەکەدا دەردەکەوێت کە ئەفریقا 14 جار لە گرینلاند گەورەترە.
لە کاتی دەنگدانەکەدا، تەنها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دژایەتی خۆی بۆ گۆڕینی نەخشەکە دەربڕی، و هەریەکە لە وڵاتانی (سێربیا، ئیستۆنیا، جۆرجیا، لیتوانیا، مۆڵدۆڤا و ئۆکرانیا) بێدەنگ بوون.
رۆبێرت دۆسی، وەزیری دەرەوەی تۆگۆ لەمبارەیەوە رایگەیاند: "نەخشەکان تێگەیشتنی ئێمە بۆ جیهان دادەرێژن، ئەوان رێنوێنی پەروەردە دەکەن و کاریگەرییان لەسەر تێڕوانینە بەکۆمەڵەکان هەیە"، هاوکات ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەستخۆشی لەم هەنگاوە کرد و بە کارێکی "راستگۆیانە" ناوی برد بۆ راستکردنەوەی وێنای جیهان.
نەخشەی نوێی "زەوی یەکسان" کە لە ساڵی 2018 دیزاین کراوە، شوێن چەمانەوەی زەوی دەکەوێت و کیشوەرەکان بە رێژە و قەبارەی راستەقینەی خۆیان نیشان دەدات، نەتەوە یەکگرتووەکان هانی حکومەتەکان، دامەزراوەکانی خوێندن و دەزگاکانی راگەیاندن دەدات کە ئەم نەخشە نوێیە بخەنە ناو کتێبەکانی خوێندن و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانەوە.
PM:03:22:05/09/2026
ئهم بابهته 684
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت