پوتین: هەڕەشە لە بەریتانیا دەکات و ئۆکرانیا بە تیرۆریست ناودەبات


وێستگه‌نیوز-

ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا هەڕەشەی توند ئاراستەی بەریتانیا دەکات و ئاگربەست لەگەڵ ئۆکرانیا رەتدەکاتەوە، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە سوپای وڵاتەکەی لە پێشڕەویدایە و ئۆکرانیا بەرەو داڕمان دەچێت.


ڤلادیمیر پوتین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەر دامەزراوەیەکی سەربازیی بەریتانیا لەسەر خاکی ئۆکرانیا دابمەزرێت، دەبێتە ئامانجێکی رەوای سوپای رووسیا، پوتین ئۆکرانیای بە ئەنجامدانی "تیرۆری دەوڵەت" تۆمەتبار کرد و وتی: "هیچ دانوستانێک لەگەڵ تیرۆریستاندا ناکرێت"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەڕەشەکانی سەرۆکی ئۆکرانیا بەرانبەر فڕۆکە مەدەنییەکانی رووسیا.

سەرۆکی رووسیا فەرمانی بە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی داوە بۆ ئامادەکردنی هێرشی بەرفراوان بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی ئۆکرانیا و جەختی کردەوە: "ئەوان لە دامەزراوەکانی ئێمەیان دا، وەڵام وەردەگرنەوە"، سەبارەت بە بارودۆخی مەیدانیش، ئیدیعای ئەوەی کرد کە سوپای رووسیا تەنها 12 کیلۆمەتری ماوە بگاتە شاری سۆمی، هەرچەندە بەپێی نەخشە ئاسمانییەکان ئەو شارە نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە سنوورەوە دوورە.

سەبارەت بە دۆخی ئابووری ئۆکرانیا، پوتین وتی: "ئۆکرانیا رووبەڕووی سێ قەیرانی گەورە دەبێتەوە لە دراو، بودجە و بانکەکاندا"، راشیگەیاند کە ئۆکرانیا مانگانە پێویستی بە 5 ملیار دۆلار هاوکاری رۆژئاوا هەیە بۆ ئەوەی بژێوی خۆی دابین بکات، چونکە داهاتی هەناردەکردنی زۆر کەمە و تەنانەت پۆڵەنداش رێگە نادات دانەوێڵەی ئەو وڵاتە لە خاکەکەیدا تێپەڕێت.

پوتین هێرشی توندی کردە سەر راوێژکاری ئەڵمانیا و کاندیدی رکابەری (مێرتز) و رایگەیاند، ئەوان بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەڵمانیا دەفرۆشن و متمانەی گەلەکەیان نییە، بەو هۆیەشەوە خەڵک کارەکانیان لەدەست دەدەن و بارودۆخی ژیان خراپتر دەبێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە رووسیا ئامادەیە گاز بە ئەوروپا بفرۆشێت، بەڵام ئەوروپا بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە جورئەتی بڕیاردانی نییە.

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، پوتین جەختی لەوە کردەوە کە ئاستی پاراستنی پاڵاوگەکانی نەوتی رووسیا گۆڕدراوە و هەوڵە نوێیەکانی ئۆکرانیا بۆ لێدانی سێ پاڵاوگەی وڵاتەکەی شکستیان هێناوە، پوتین هۆشداری دا بە ئۆکرانیا و وتی: "ئێوە خۆتان سندوقی پاندۆراتان کردەوە، بۆیە ئێستا رووبەڕووی لێکەوتەکانی ببنەوە".


PM:12:01:02/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت