ترەمپ: سوپای ئێران تێکشکێنراوە و کۆنترۆڵی گەرووی هورمزمان کردووە
وێستگەنیوز-
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێدا بۆ "فۆکس نیوز" رایگەیاند، کە وڵاتەکەی سەرکەوتنی گەورەی بەسەر ئێراندا بەدەستهێناوە و لە ئێستادا تاران وەک "دەوڵەتێکی شکستخواردوو" دەردەکەوێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 31ی ئابی 2026، ترەمپ ئاشکرای کرد کە ئەمریکا بە تەواوی کۆنترۆڵی گەرووی هورمزی کردووە و سەرجەم مینە دەریاییەکانی ناوچەکەیان پاککردووەتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، توانای سەربازی ئێران زەبرێکی کوشندەی بەرکەوتووە، هێزی دەریایی و ئاسمانییان کۆتایی هاتووە و فەرماندەکانیان لەناوچوون، هەروەها تەواوی سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە تێکشکێنراون.
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری توندی دایە بەرپرسانی تاران و رایگەیاند، رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چونکە ئێرانییەکان کەسانێکی "توندوتیژ و خراپەکارن" و ئەگەر ئەو چەکەیان هەبوایە، ئیسرائیلیان پێ لەناو دەبرد، وتیشی: "ئەگەر من سەرۆک نەبووام، ئێستا ئیسرائیل نەمابوو"، هەروەها هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە دوورگەی "خارگ"ی ئێران بە تەواوی تێکدەشکێنن و دەیکەنە داروپەردوو.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، ترەمپ رەخنەی لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا گرت و وتی: "ملیارەها دۆلار بۆ ناتۆ و کۆریای باشوور خەرج دەکەین، بەڵام کاتێک نۆرەی هاوکاریکردنی ئێمە هات، ئەوان گوتیان نەخێر"، هەروەها باسی لە وڵاتی کەنەدا کرد و وتی پێویست ناکات هاوکاری داراییان بکەین چونکە ئەوان وا دەزانن ویلایەتێکی ئەمریکان بەڵام وا نین.
سەبارەت بە لێکەوتە ئابوورییەکانی شەڕەکە، ترەمپ پێشبینی کرد دوای سەرکەوتنی یەکجاری بەسەر ئێراندا، نرخی نەوت وەک "موشەک" دابەزێت، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە دیموکراتەکان دەیانەوێت ئەمریکا لەم شەڕەدا بدۆڕێت، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەوان بە ئاسانی سەرکەوتن بەدەستدەهێنن.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ترەمپ باسی لە ئۆپەراسیۆنی وڵاتی ڤێنیزوێلا کرد و بە یەکێک لە گەورەترین و خێراترین هێرشەکان ناوی برد کە تێیدا هیچ کەسێک نەکوژراوە، وتیشی ئەمریکا لە ئێستادا لە هەموو کات زیاتر لە جیهاندا رێزی لێ دەگیرێت.
AM:09:32:31/08/2026
ئهم بابهته 244
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت