ئێران هێرشی کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ئوردن و ئیمارات

‌وێنەکە ژیری دەستکردە

وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ دووشەممە 31ی ئابی 2026، سوپای ئێران و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە زنجیرەیەک راگەیەندراوی بەپەلەیان دەربارەی وەشاندنی گورزی سەربازی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بڵاوکردەوە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ بۆردوومانکردنی دوورگەی لارک لە لایەن واشنتۆنەوە.


سوپای ئێران بە فەرمی رایگەیاند، بنکەی ئاسمانی "مەناهد"یان لە وڵاتی ئیمارات و چەند ئامانجێکی دیکەی ئەمریکییان لەو وڵاتە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە ئامانج، تاران ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هێرشانە وەڵامێکی راستەوخۆ بوون بۆ ئەو دەستدرێژییانەی کراونەتە سەر سەروەری خاکی ئێران لە دوورگەی لارک، کە تێیدا ژمارەیەک ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژراو و بریندار بوون.

لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە هێزە چەکدارەکانیان بە مووشەکی بالیستی گورزی توندیان لەو بنکە سەربازییانەی ئەمریکا وەشاندووە کە لە خاکی ئوردندان، تاران دەڵێت: "ئەو بنکانە وەک شوێنی دەستپێکردنی هێرشەکان بۆ سەر خاکی ئێران بەکارهێنراون، واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی بەرپرسیارێتی تەواوی لێکەوتەکانی ئەم پەرەسەندنە سەربازییەیان لە ئەستۆدایە."

هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانە، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، پێش چەند کاتژمێرێک کەشتییەکی نەوتهەڵگر کە بە "سەرپێچیکار" ناوی بردووە، لە کاتی تێپەڕبوونی بە گەرووی هورمز بەر دوو مینی دەریایی کەوتووە و بە تەواوی وەستاوە و ئاگری گرتووە.

سوپای پاسداران هۆشداری داوە کە پێویستە هەموو کەشتییەکان پابەندی رێساکانی دەریاوانی تاران بن و بە هاندانی ئەمریکا دەست نەبەن بۆ رێڕەوە نایاساییەکان.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران پێی ناوەتە مانگی 6یەم، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) پێشتر رایگەیاندبوو کە هێرشی سنوورداریان کردووەتە سەر سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی ئێران بۆ رێگریکردن لە مینڕێژکردنی گەرووی هورمز.



AM:08:24:31/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت