كێشه‌ی وزه له ئێران په‌ره‌ده‌سێنێت...
وێستگه‌نیوز –
له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی قه‌یرانی وزه له ئێران به‌هۆی سزاكانی ئه‌مریكاوه، مه‌سعود پزیشكیان، سه‌رۆك كۆماری ئێران جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه پاراستنی ئاستی به‌رهه‌مهێنان و به‌رده‌وامی كاركردنی پیشه‌سازییه‌كان له پێشینه‌ی كاره‌كانی حكومه‌ته. داواشیكرد كه ئیداره‌دانی ئاو و كاره‌با و غاز و سووته‌مه‌نی به‌جۆرێك بێت كه چالاكییه پیشه‌سازییه‌كان به‌رده‌وام بن و ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر پێویست بوو كاره‌با له حكومه‌ت ببڕن، نه‌ك پیشه‌سازییه‌كان".
ئه‌مڕۆ شه‌ممه مه‌سعود پزیشكیان سه‌رۆكی ئێران له میانه‌ی مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی پرد و تونێله‌كان له شاری ئیسفه‌هان، له رێگه‌ی ڤیدیۆكۆنفرانسه‌وه رایگه‌یاند كه "حكومه‌ت كارده‌كات له‌سه‌ر ئیداره‌دانی به‌كارهێنانی وزه له وه‌رزی زستاندا، به‌ڵام رێگه نادات به‌رهه‌مهێنان بوه‌ستێت".
پزیشكیان وتی: "ئه‌گه‌ر پێویست بوو كاره‌بای حكومه‌ت ببڕن، به‌ڵام كاره‌بای پیشه‌سازییه‌كان مه‌بڕن"، جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه ئیداره‌دانی به‌كارهێنانی وزه ده‌بێت له حكومه‌ت و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانیه‌وه ده‌ست پێبكات.
سه‌رۆك كۆماری ئێران روونی كرده‌وه كه حكومه‌ت به‌نیازه چه‌ند رێوشوێنێك بگرێته‌به‌ر بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ناهاوسه‌نگیی وزه له وه‌رزی زستاندا له‌وانه تێكه‌ڵكردنی هه‌ندێك چالاكی و فراوانكردنی كاركردن له دووره‌وه و رێكخستنی به‌كارهێنانی هه‌ندێك باڵه‌خانه و فه‌رمانگه حكومییه‌كان به ئامانجی ئاراسته‌كردنی وزه‌ی پاشه‌كه‌وتكراو بۆ كه‌رتی به‌رهه‌مهێنان و پیشه‌سازییه‌كان تا لوتكه‌ی به‌كاربردن تێپه‌ڕێنرێت.
پزیشكیان جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه حكومه‌ت كارده‌كات بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئاو، كاره‌با، غاز، و سووته‌مه‌نی له هه‌مان كاتدا به‌رده‌وامیی به‌رهه‌مهێنان، به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی یه‌كڕیزی و یه‌كگرتوویی دوو توخمی سه‌ره‌كیین له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی كه رووبه‌ڕووی وڵات ده‌بنه‌وه.
وتیشی: "به‌ڵێن ده‌ده‌ین به هه‌موو توانامانه‌وه له‌گه‌ڵ گه‌ل و بۆ وڵاته‌كه‌مان بوه‌ستین، هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت له‌سه‌ر پته‌وكردنی یه‌كڕیزی و یه‌كگرتوویی و پاڵپشتیكردنی رێبازی گه‌شه‌پێدانی وڵات بووه".
ئه‌و وتانه‌ی پزیشكیان له كاتێكدایه كه ئێران رووبه‌ڕووی فشاری زیاتر ده‌بێته‌وه بۆ سه‌ر كه‌رتی وزه‌ی وڵاته‌كه‌ی، به‌هۆی سزا تونده‌كانی ئه‌مریكا و سنوورداركردنی بازرگانی ده‌ره‌كی، كه توانای راكێشانی وه‌به‌رهێنان و ده‌ستڕاگه‌یشتن به به‌شێك له ته‌كنه‌لۆجیا و كه‌ره‌سته‌ی پێویست بۆ په‌ره‌پێدانی ژێرخانی وزه‌ی وڵاته‌كه‌ی سنووردار ده‌كات.
هه‌روه‌ك كه‌مبوونه‌وه‌ی داهات و سنوورداركردنی هاورده‌كردنی سووته‌مه‌نی بووه‌ته‌هۆی زیادبوونی فشاره‌كان له‌سه‌ر ئابووری ئێران كه هاوكاته له‌گه‌ڵ كێشه ناوخۆییه‌كانی په‌یوه‌ست به به‌كارهێنانی زۆر و كۆنبوونی به‌شێك له تۆڕ و وێستگه‌كانی كاره‌با.
PM:05:54:29/08/2026
ئه‌م بابه‌ته 432
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت