ترەمپ کۆنترۆڵکردنی نەوتی ڤەنزوێلای راگەیاند و نرخی بەنزین دادەبەزێنێت


وێستگەنیوز-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، واژۆکردنی گەورەترین رێککەوتنی نەوتی لە مێژوودا راگەیاند، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە واشنتۆن کۆنترۆڵی زۆرینەی یەدەگی نەوتی ڤەنزوێلا دەکات کە بە 65 ملیار بەرمیل دەخەمڵێندرێت.


ئەمڕۆ شەممە 29ی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی "ترووس سۆشیاڵ" ئاشکرای کرد، کە لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی جەنگ و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی کاتیی ڤەنزوێلا، توانیویانە دەسەڵاتی تەواو بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی ئەو وڵاتەدا بگرنە دەست، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوە بەبێ تێچوونی باجدەرانی ئەمریکی و لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە جێبەجێ کراوە، ئامانجی سەرەکیشی دابەزاندنی نرخی سووتەمەنییە لە ناوخۆی ئەمریکا.

رێککەوتنەکە تەنها لایەنی سیاسی نییە، بەڵکو رەهەندێکی ئابووری گەورەی هەیە؛ بەجۆرێک پێشبینی دەکرێت 100 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت بۆ ناو ڤەنزوێلا رابکێشێت و زیاتر لە 209 ملیار دۆلار داهاتی باج بۆ ئەو وڵاتە دابین بکات، دێڵسی رۆدریگێز، سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا، رێککەوتنەکەی بە "مێژوویی" ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێتە هۆی بوژانەوەی ئابووری وڵاتەکەی.

لەلایەکی دیکەوە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەم هەنگاوەی بە سەرکەوتنی سیاسەتی "ئەمریکا پێش هەموو شتێک" وەسف کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە یەدەگی ستراتیژیی نەوتی ئەمریکا لە نزمترین ئاستی چوار دەیەی رابردوویدایە و ئەم رێککەوتنە یەدەگەکە بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرز دەکاتەوە.

ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە دوای ئەوە دێت، کە لە 3ی کانوونی دووەمی 2026، بە فەرمانی راستەوخۆی ترەمپ، هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان بۆ سەر پایتەختی ڤەنزوێلا ئەنجامدا و نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتەیان دەستگیر کرد، مادۆرۆ لە ئێستادا لە نیویۆرک بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر رووبەڕووی دادگا کراوەتەوە، دوای ئەو رووداوە، دادگای باڵای ڤەنزوێلا، دێڵسی رۆدریگێزی وەک سەرۆکی کاتیی وڵاتەکە دیاری کرد بۆ راپەڕاندنی کاروباری دەوڵەت.

سەرباری راگەیاندنی ئەم رێککەوتنە گەورەیە، هەندێک لە شارەزایانی وزە پرسیار لەبارەی میکانیزمی جێبەجێکردنی دەکەن، بەتایبەت لە رووی گواستنەوەی خاوەندارێتی ئەو بڕە زۆرەی نەوت بۆ دەوڵەتێکی دیکە و وێرانبوونی ژێرخانی وزەی ڤەنزوێلا، بەڵام ئیدارەی ترەمپ پێداگرە لەسەر ئەوەی ئەمە تەنها رێگەیە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی وزە و دڵنیایی دان بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ کارکردن لە "ناوچەیەکی پارێزراو"دا.


AM:09:07:29/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو