ئیدارەی ترەمپ هەڕەشە لە بەریتانیا دەکات و چارەنووسی هاوکارییەکانی پێشمەرگەش دەخاتە مەترسییەوە


وێستگەنیوز-

رۆژنامەی "دێلی تەلەگراف" بڵاویکردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هۆشداری داوەتە بەریتانیا کە ئەگەر خەرجییە بەرگرییەکانی زیاد نەکات، واشنتۆن دەستبەرداری پشتگیریکردنی سەروەریی لەندەن بەسەر دوورگەکانی فالکلاند دەبێت.


بەپێی زانیارییەکان، ترەمپ دەیەوێت فشارەکانی بۆ سەر هاوپەیمانانی ناتۆ چڕ بکاتەوە تاوەکو رێژەی 5%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆییان بۆ کەرتی بەرگری تەرخان بکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە بەریتانیا تا ئێستا نەیتوانیوە بگاتە ئامانجی خەرجکردنی 3%ی بودجەی بەرگری کە بڕیاربوو تا ساڵی 2030 جێبەجێی بکات.

بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە کە بەریتانیا لەلایەن واشنتۆنەوە وەک "سەرنجێکی تایبەت" سەیر دەکرێت، چونکە چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت ببێتە پێشەنگ لە قۆناغی نوێی هاوپەیمانێتییەکە کە بە "ناتۆ 3.0" ناودەبرێت، ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەم هەڵوێستەی ترەمپ خزمەت بە ئەرژەنتین و سەرۆکەکەی "خافێر میلای" دەکات کە وەک گرنگترین هاوپەیمانی ترەمپ لە ئەمریکای باشوور دەناسرێت.

لەلایەکی دیکەشەوە و لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، رۆژنامەی "بی بی سی" ئاشکرای کردووە کە ئیدارەی ترەمپ پلانی هەیە کۆتایی بە هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بهێنێت.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە رێککەوتنی ئێستای نێوان واشنتۆن و هەرێمی کوردستان بۆ هاوکارییە سەربازییەکان، لە رێکەوتی 30ی ئەیلوولی ئەمساڵدا کۆتایی پێ دێت و پێدەچێت ئیدارەی نوێی ئەمریکا پاش ئەو بەروارە هاوکارییەکان رابگرێت.


AM:08:40:29/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو