موجتەبا خامنەیی: دروستکردنی دووفاقیی 'جەنگ یان دانوستان' قەدەغەیە و زیان بە تەبایی کۆمەڵایەتی دەگەیەنێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ هەینی 28ی ئابی 2026، موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، لە پەیامێکی نوێدا بە بۆنەی هەفتەی حکومەت، هۆشداری توند دەداتە لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان و جەخت لەسەر بەرەنگاربوونەوەی پیلانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکاتەوە.
رێبەری باڵای ئێران لە پەیامەکەیدا، دەستخۆشی لە هەنگاوەکانی حکومەت کرد کە سەرەڕای سزاکان و پیلانە جۆراوجۆرەکانی "ئەمریکا و ئیسرائیل"، توانیویانە لە کاتی "جەنگی سێیەم" و قۆناغەکانی دوای ئەودا، خزمەتگوزارییەکان دابین بکەن، ناوبراو جەختی کردەوە کە دەبێت "دەسەڵات و هێزی ئێران" بۆ جیهان روون بکرێتەوە و رێگری لە هەر وتەیەکی بێومێدکەر بکرێت کە ورەی نەتەوەیی لاواز دەکات.
موجتەبا خامنەیی لە پەیامەکەیدا بڕیارێکی توندی دەرکرد و رایگەیاند: "بە بڕیارەوە رایدەگەیەنم؛ ئەنجامدانی هەر شتێک کە لە زیانی تەبایی کۆمەڵایەتی بێت، قەدەغەیە"، ناوبراو هۆشداری دا لە دروستکردنی "دووفاقییە وەهمییەکان" وەک (جەنگ یان دانوستان) و (سازش یان جەنگخوازی)، کە بە وتەی ئەو لە رابردوودا زیانی گەورەیان بە گەلی ئێران گەیاندووە.
لە رووی ئابوورییەوە، رێبەری ئێران داوای کرد کە زنجیرەی ئاڵەنگارییەکانی بژێوی و هەڵئاوسان چارەسەر بکرێن و هەنگاوی کردەیی بنرێت بۆ "وەلانانی دۆلار" لە هاوکێشە ئابوورییە گرنگەکاندا، ئاماژەی بەوەش کرد کە کلیلی سەرەکی چارەسەری کێشەکان پشتبەستنە بە بەرهەمی ناوخۆ و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی "ئابووری بەرگری".
موجتەبا خامنەیی ئاماژەی بەوەش کرد، دوژمنانی ئێران هەوڵ دەدەن وا نیشان بدەن کە رێگەی پێشکەوتن تەنها لە "گوێڕایەڵیکردنی ئەمریکا"دایە، بەڵام مێژوو پێچەوانەکەی سەلماندووە، لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی لە گرنگی تەکنەلۆژیا و رۆڵی گەنجان و بژاردەکان کردەوە بۆ گەیشتن بە "ئێرانێکی بەهێزتر" و رووبەڕووبوونەوەی ئەو بارودۆخە هەستیار و ئاڵۆزەی کە ناوچەکە و جیهانی گرتووەتەوە.
PM:08:28:28/08/2026
ئهم بابهته 404
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت