فۆکس نیوز: تەیف سامی خرایە ناو لیستی تیرۆری "FBI" و ڤیزاکەی هەڵوەشێندرایەوە


وێستگەنیوز-

لە وەرچەرخانێکی کتوپڕ و ریشەییدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڤیزای تەیف سامی، وەزیری دارایی پێشووی عێراقی هەڵوەشاندەوە و ناوی خستە ناو لیستی چاودێری تیرۆری سەر بە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI).


تۆڕی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی لە راپۆرتێکی تایبەتدا ئاشکرای کرد، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی رێکاری توندی دژی تەیف سامی گرتووەتە بەر. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمریکی تۆمەتی "ئاسانکاری بۆ پارەدارکردنی تیرۆر"یان لە ناو عێراقدا ئاراستەی ناوبراو کردووە.

ئەم بڕیارەی واشنتن لە کاتێکدایە، کە هەر تەیف سامی لە ساڵی 2022دا لە لایەن ئیدارەی جۆ بایدنەوە خەڵاتی نێودەوڵەتی "ژنانی ئازا"ی پێبەخشرا و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەوکات وەک "ژنی ئاسنین" ستایشی کرد بۆ رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی. بەڵام ئێستا ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە تەواوی پێداچوونەوەی بە مەلەفەکەیدا کردووەتەوە.

دیلان جۆنسۆن، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری گشتی جیهانی بە فۆکس نیوزی راگەیاندووە: "لە سەردەمی بایدندا بە شێوەیەکی شەرمەزارانە رێز لەو کەسانە دەگیرا کە هەڕەشە بوون بۆ سەر نەتەوەکەمان، بەڵام لە سەردەمی ترەمپ و مارکۆ رۆبیۆ، ڤیزاکانیان هەڵدەوەشێنینەوە و هەرگیز رێگە نادەین گومانلێکراوانی تیرۆر لە ئەمریکا بمێننەوە."

پێشتر هەردوو پەرلەمانتاری کۆماری، جۆ ویڵسن و گریگ ستۆبی، تەیف سامییان بەوە تۆمەتبار کردبوو کە رۆڵی هەبووە لە تێپەڕاندنی پارە بۆ گروپە تیرۆریستییەکان لە رێگەی سیستەمی دارایی عێراقەوە و داوای سزادانیان کردبوو.

هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارەی ئەمریکا، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دادگایەکی عێراقیش ناوی تەیف سامی خستووەتە ناو لیستی داواکراوان لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی فراوان لە مەلەفەکانی گەندەڵی و گرێبەستە حکومییەکان. وا بڕوا دەکرێت لە ئێستادا ناوبراو لە دەرەوەی خاکی عێراق بێت.

ئەم هەنگاوەی واشنتۆن وەک ئاماژەیەکی روون دەبینرێت بۆ گۆڕینی سیاسەتی ئەمریکا بەرانبەر ئەو بەرپرسە عێراقییانەی کە گومانی تێوەگلانیان لە گەندەڵی یان هاوکاری گروپە چەکدارەکان لێدەکرێت.


PM:06:31:28/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو