کۆریای باکوور: فرۆشتنی موشەکی پێشکەوتوو بە کۆریای باشوور هەڕەشەیەکی مەترسیدارە


وێستگەنیوز-

کۆریای باکوور بە توندی هێرش دەکاتە سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهۆی رێککەوتنی فرۆشتنی چەکی پێشکەوتوو بە کۆریای باشوور، و هۆشداری دەدات کە ئەم هەنگاوە سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدات.


ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریای باکوور (KCNA) بەیاننامەیەکی رەسمی وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە: "دوژمنایەتی بەردەوامی ئەمریکا بەرانبەرمان روون بووەتەوە و هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە، ئێمە بە تەواوی لە رەهەندەکانی ئەم سیاسەتانە تێدەگەین"، پیۆنگیانگ جەختی کردووەتەوە کە بە هێزەوە و بە شێوەیەکی دەستبەجێ وەڵامی هەر کارێکی دوژمنکارانە یان جوڵەیەکی سەربازی دەداتەوە کە دژی سەروەری و ئاسایشی وڵاتەکەی بێت.

ئەم کاردانەوە توندەی پیۆنگیانگ دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەزامەندی دەربڕی لەسەر گرێبەستێکی ئەگەری بۆ فرۆشتنی موشەکی پێشکەوتوو بە کۆریای باشوور بە بەهای 125 ملیۆن دۆلار، گرێبەستەکە دابینکردنی موشەکی جۆری AIM-9X Sidewinder Block II و سیستمەکانی ئاراستەکردن و مەشقکردن و پشتگیری لۆجیستی لەخۆدەگرێت، کە لەلایەن کۆمپانیای RTX Corporationـی ئەمریکییەوە جێبەجێ دەکرێت.

لای خۆشیەوە واشنتۆن رایگەیاندووە کە ئامانجی ئەم گرێبەستە تەنها بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری کۆریای باشوور و رێگرییە لە هەڕەشەکانی ناوچەکە، لەپێناو دەستەبەرکردنی توانای کارکردنی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی ئەمریکا و سیئۆل.

بەڵام کۆریای باکوور وەک هەڕەشەیەکی راستی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی سەیری ئەم پڕچەککردنە دەکات و دەڵێت، بەردەوام دەبن لە بەهێزکردنی جبەخانەی بەرگری و رێگریی خۆیان بۆ پاراستنی خاکەکەیان لە هەر رێبازێکی گرژیخوازانە.


AM:09:57:27/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت