ئێران بۆ وڵاتانی دەوروبەری: بنکەکانی ئەمریکا دەکەینە ئامانج


وێستگەنیوز-

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران هەڵوێستی توندی وڵاتەکەی لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و دەستدرێژییەکان بۆ سەر خاکەکەی راگەیاند و هۆشداری دا کە هەر وڵاتێک بنکە و ئیمکاناتی سەربازی بخاتە خزمەت ئەمریکا و ئیسرائیل، روبەروی وەڵامی توند دەبێتەوە.


ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بەئامانجگرتنی سەرچاوە و بنەمای هەر کارێکی دەستدرێژکارانە مافی رەوای ئێرانە، وتیشی: "ئێمە دەستپێکەری هیچ شەڕێک نەبووین، بەڵام رێگە نادەین کۆتاییهاتنی شەڕ لەسەر بنەمای مەرجی دەستدرێژکاران بێت".

لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، بەقایی رەخنەی لە بولگاریا گرت و رایگەیاند کە رێگەیان داوە فڕۆکە سووتەمەنیگوزارەکان خاکی ئەو وڵاتە بەکاربهێنن بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، ئەمەش بە "پێشێلکارییەکی روون" و هاوکاری بۆ دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و رژێمی زایۆنیستی وەسف کرد.

سەبارەت بە پەیوەندییە هەرێمییەکان، وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوە ئاشکرای کرد کە ئەمڕۆ سوپاسالاری پاکستان سەردانی تاران دەکات بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، هەروەها باسی لە پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ ئەفغانستان و هەماهەنگی لەگەڵ عومان بۆ پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز کرد.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەقایی باسی لە رێگریکردن لە دوو دیپلۆماتی فەرەنسی کرد کە سەرپێچییان کردبوو و رایگەیاند رێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە بۆ ئێران، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە وەزارەتی دەرەوە بەردەوامە لە بەدواداچوون بۆ چارەنووسی 3 خەڵەبانی ئێرانی لە قەتەر و ئازادکردنی 4 هاوڵاتی دەستگیرکراوی ئێرانی لە کوێت کە پێشێلکاری بەرامبەر کراوە.

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە، کە حکومەتی ئێران و وەزارەتی نەوت هەموو هەوڵێکیان خستووەتە گەڕ بۆ کەمکردنەوەی فشارە ئابوورییەکان و دابینکردنی وزە و سوتەمەنی بۆ خەڵک، سەرەڕای ئەو زیانانەی بەهۆی هێرشەکانەوە بەر ژێرخانەکان کەوتوون، کە زۆربەیان لەلایەن پسپۆڕانی ناوخۆییەوە چاک کراونەتەوە.



AM:11:12:24/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت