ترەمپ: سەرکردەی ئێرانی نەماوە بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەگەڵ بکەم، زۆربەیان کوژراون


وێستگەنیوز-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نوێترین لێدوانیدا هێرشی توندی کردە سەر دەسەڵاتدارانی ئێران و رایگەیاند کە تاران لە ژێر فشارێکی ئابووریی بێوێنەدایە و سەرکردایەتی ئەو وڵاتە تووشی ئیفلیجی بووە.


ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، لە ئێستادا لە ئێراندا نازانرێت گفتوگۆ لەگەڵ کێدا دەکرێت، چونکە بە وتەی ئەو "زۆربەی سەرکردەکانی ئێران کوژراون" و پێشی وانییە لە ئێستادا هیچ کەسێک ئارەزووی هەبێت پۆستی سەرۆکایەتی لەو وڵاتەدا وەربگرێت.

سەبارەت بە ئەگەری رێککەوتن، سەرۆکی ئەمریکا وتی: "ئێران زۆر بە پەرۆشە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام ئێمە هێشتا دڵنیا نین کە ئایا دەمانەوێت رێککەوتنیان لەگەڵ بکەین یان نا."

ترەمپ جەختی لەسەر پێگەی سەربازی و ستراتیژی ئەمریکا کردەوە و رایگەیاند، ئەو "گەرووی هورمز وەک خاکی ئەمریکا دەبینێت" و واشنتۆن کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر ئەو رێڕەوە ئاوییەدا هەیە، ئاماژەی بەوەش کرد، دەستپێکردنی شەڕی ئابووری دژی تاران بەو مانایە نییە کە بژاردە سەربازییەکان وەستاون، دووپاتیشی کردەوە کە هەرگیز رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

لەبارەی دۆخی ناوخۆیی ئێران، ترەمپ ئاشکرای کرد کە رێژەی هەڵئاوسان لەو وڵاتە گەیشتووەتە 300% و حکومەتی تاران تەنانەت توانای دابینکردنی مووچەی سەرباز و کارمەندانی پۆلیسی نەماوە، پێشبینیشی کرد بە کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکان، نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزێت.

لەلایەکی دیکەوە، بڕیارە رۆژی دووشەممە سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، وردەکاری توندترین سزای دارایی لە مێژوودا دژی ئێران رابگەیەنێت، ترەمپ پێشتر هۆشداری دابووە هەر وڵاتێک هاوکاری ئێران بکات، رووبەڕووی لێکەوتەی ئابووری توند دەبێتەوە.

لە بەرانبەر ئەم هەڕەشانەدا، تاران رایگەیاندووە کە وەڵامیان بۆ هەر هەڕەشەیەکی نوێی ئەمریکا وێرانکەر دەبێت، ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە پێشتر لە مانگەکانی 4 و 6ی ئەمساڵدا، دوو هەوڵ بۆ رێککەوتنی ئاگربەست و دەستەبەرکردنی ئازادی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز درابوو، بەڵام هەردوو رێککەوتنەکە شکستیان هێنا.


AM:08:27:22/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو