ئەمریکا 10 ملیۆن دۆلار دەداتە هەر کەسێک زانیاری لەسەر هاککەرەکانی سوپای پاسداران ئاشکرا بکات
وێستگەنیوز-
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە هەنگاوێکی نوێدا، بڕی 10 ملیۆن دۆلار پاداشت بۆ ئەو کەسانە تەرخان دەکات کە زانیاری لەسەر هاککەرە مەترسیدارەکان و بەرپرسانی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرا بکەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە لە 20ـی ئاب بڵاوکراوەتەوە، تاوەری یاس کە دەکەوێتە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی بورز لە شاری تاران، بووەتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ ڕێکخستن و ئەنجامدانی چالاکییە ئەلیکترۆنییە زیانبەخشەکانی سوپای پاسداران.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا بە تایبەتی ناوی ئیلاهە یەزدی هێنراوە، کە وەک هاوکارێکی نزیکی محەممەد باقر شیرینکار، بەرپرسێکی باڵای ناوەندی ئەلیکترۆنیی سوپای پاسداران دەستنیشان کراوە.
بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەریی سەر بە وەزارەتی دەرەوە، داوای لە هاووڵاتییان کردووە هەر زانیارییەکیان دەربارەی ئەو هاککەرانە یان ئەو لایەنانەی هاوکارییان دەکەن هەبێت، بۆیان بنێرن.
ئەمریکا بەڵێنی داوە جیا لە پاداشتە داراییەکە کە دەگاتە 10 ملیۆن دۆلار، پاراستنی تەواو و پرۆسەی گواستنەوە بۆ شوێنێکی ئارام بۆ کەسی زانیاریدەر و ئەندامانی خێزانەکەی دابین بکات.
بۆ پاراستنی نهێنیی زانیاریدەران، وەزارەتەکە چەندین تۆڕی پەیوەندیکردنی پارێزراوی وەک واتسئەپ و تەلەگرام و لینکی تایبەتی تۆڕی تەرخان کردووە، تاوەکو ناسنامەی ئەو کەسانەی زانیاری دەدەن بە تەواوی بە شاراوەیی بمێنێتەوە.
PM:08:00:21/08/2026
ئهم بابهته 300
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت