عەباس عەراقچی: هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ شاردنەوەی قەیرانی قەرزە 40 تریلیۆن دۆلارییەکەیەتی
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی ئابی 2026، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوەی واشنتۆن ناوی ناوە "رۆژی سەرکەوتنی ئابووری" (D-Day)، تەنها هەوڵێکە بۆ لادانی بیروڕای گشتی لە قەیرانە داراییە ناوخۆییەکانی ئەمریکا.
عەراقچی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمریکا ئێستا روبەڕوی قەرزێکی نیشتمانی بێوێنە بووەتەوە کە 40 تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، هەروەها تێچووی سوودە بانکییەکان بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر زیادی کردووە، بە وتەی ئەو، ترەمپ دەیەوێت لە رێگەی ئەم هەڕەشانەوە سەرنجی خەڵک لەسەر ئەو قەیرانانە لابدات.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە، کە پێداگری ئەمریکا لەسەر بەردەوامی سیاسەتە شکستخواردووەکانی رابردوو، تەنها شکستی زیاتری بۆ واشنتۆن بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دەبێتە هۆی توندتربوونی دوژمنایەتی ئێرانییەکان، عەراقچی "تیرۆری ئابووری ئەمریکا"ی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئابووری تەواوی جیهان و سەروەری نیشتمانی وڵاتان وەسف کرد.
ئەم وەڵامەی تاران دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەورەترین ئۆپەراسیۆنی ئابووری و گۆشەگیرکردنی دژی ئێران راگەیاند و هۆشداری دا کە هەر وڵات و دامەزراوەیەک هاوکاری تاران بکات، روبەڕوی سزای زۆر قورس دەبێتەوە.
بەپێی دوایین داتاکانی گەنجینەی ئەمریکا، قەرزی نیشتمانی ئەو وڵاتە لە 18ی ئابدا گەیشتووەتە نزیکەی 40.05 تریلیۆن دۆلار، کە تەنها لە ماوەی ساڵێکدا 2.9 تریلیۆن دۆلار زیادی کردووە، ئەوەش گەشەیەکی 7.8%ی قەرزەکان نیشان دەدات.
PM:12:24:20/08/2026
ئهم بابهته 132
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت