مەسعود پزیشکیان: نەوتمان پێ نافرۆشرێت و کارگەکانمان وێران بوون


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە 15ی ئابی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە لێدوانێکدا دۆخی خراپی ئابوری وڵاتەکەی دەخاتە روو و رایدەگەیەنێت، کە داهاتە گشتییەکانی دەوڵەت بە شێوەیەکی مەترسیدار کەمی کردووە.


پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد، کە گرانیی نرخەکان و قورسبوونی بژێوی ژیانی هاووڵاتییان لە ئێستادا دەرئەنجامێکی ئاسایی ئەو دۆخەیە، چونکە کاڵا هاوردەکراوەکان وەک پێشتر بە ئاسانی ناگەنە وڵات و رێڕەوی دوور و تێچووی زۆر دەبڕن تا دەگەنە ناو ئێران، ئەمەش نرخی کۆتایی کاڵاکان بەرز دەکاتەوە، جەختیشی کردەوە کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی وڵات تووشی کێشە بووە و وتی: "لە رابردوودا نەوتمان دەفرۆشت، بەڵام ئێستا ناتوانین بیفرۆشین".

سەبارەت بە کەرتی پیشەسازی، پزیشکیان ئاشکرای کرد کە بەهۆی بەئامانجگرتن و وێرانکردنی ژمارەیەک کارگە، توانای کۆکردنەوەی باجیان لەدەستداوە، تەنانەت حکومەت ناچارە لە گیرفانی خۆی پارە بداتە کارگەکان بۆ ئەوەی چەرخی بەرهەمهێنان پەکینەکەوێت، وتیشی: "کێشەکانمان چەندین جار دووقات بوونەتەوە، لە کاتێکدا داهاتەکانمان رووی لە کەمی کردووە".

سەرۆک کۆماری ئێران وەڵامی ئەو رەخنانەشی دایەوە کە لەبارەی دانوستان و ئاگربەستەوە ئاراستەی دەکرێن و رایگەیاند، رێککەوتنی ئاگربەست بە رەزامەندی و هەماهەنگی هێزە چەکدارەکان ئەنجام دراوە، ئەم لێدوانەی پزیشکیان وەک وەڵامێک بوو بۆ ئەو لایەنانەی کە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بە "خیانەت" ناودەبەن.

لە کۆتایی قسەکانیدا، پزیشکیان جەختی لەوە کردەوە کە یەکەم هەنگاوی چاکسازی بریتییە لە قبوڵکردنی راستییەکان، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەندێک کەس راهاتوون بە بیستنی درۆ و کاتێک راستییەکان دەبیستن دڵگران دەبن، بەڵام دۆخی ئێستای وڵات پێویستی بە رووبەڕووبوونەوەی راستییەکان هەیە.


PM:02:33:15/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت