ڕۆیتەرز: کۆگاکانی نەوتی جیهان تەنها بۆ 6 مانگی دیکە بەرگەی جەنگ دەگرن
وێستگەنیوز-
بازاڕی جیهانیی نەوت بەهۆی بەردەوامیی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران و پەککەوتنی گەیاندنی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی بووەتەوە؛ پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا کۆگاکان بەرگەی 6 مانگی دیکە دەگرن؟
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـەی ئابی 2026، ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، لە دەستپێکی جەنگەوە تا ئێستا جیهان نزیکەی 2.6 ملیار بەرمیل نەوتی لەدەستداوە.
ئەمە بە گەورەترین دابڕانی کەڵەکەبووی هەناردە دادەنرێت لە مێژوودا (جگە لە قەیرانی ساڵی 1979)، کە یەکسانە بە 25 ڕۆژ لە بەکاربردنی گشتیی جیهان پێش جەنگ.
لە ئێستادا کورتهێنانی ڕۆژانەی نەوت بە 5 ملیۆن بەرمیل مەزەندە دەکرێت، بەڵام کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودی دەڵێت زیانەکانی ناوچەی کەنداو دەگاتە 11 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ڕایگەیاندووە، 900 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگی حکوومی لە وڵاتانی ئەندامدا ماوەتەوە.
هەرچەندە بە تیۆری ئەم بڕە بەشی 180 ڕۆژ دەکات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی 5 ملیۆن بەرمیل، بەڵام پڕۆسەی دەرهێنان و گەیاندنی ئەو نەوتە بۆ پاڵاوگەکان و بازاڕەکان ڕووبەڕووی بەربەستی تەکنیکی و ژێرخانی زۆر دەبێتەوە.
بانکی مۆرگان ستانلی ئاماژە بەوە دەکات، مەترسییە گەورەکە تەنها نەوتی خاو نییە، بەڵکو بەرهەمە نەوتییەکانە، کۆگاکانی گازوایل و سووتەمەنی فڕۆکە گەیشتوونەتە نزمترین ئاستی 5 ساڵی ڕابردوو.
هەروەها زیانگەیشتن بە پاڵاوگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕووسیا، توانای گۆڕینی نەوتی خاوی بە ڕێژەی 3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمکردووەتەوە.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، چین باشتر لە هەموو وڵاتان بەرگەی ئەم دۆخە دەگرێت، چونکە خاوەنی 1.7 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگە، ئەم بڕە بەشی ئەوە دەکات کە بۆ ماوەی ساڵێک پێویستییەکانی چین پڕ بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر هەموو ئەو نەوتەشی لێ ببڕێت کە لە گەرووی هورمزەوە بۆی دەچێت.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز باس لەوە کراوە، هەرچەندە کۆگاکانی نەوت دەتوانن وەک هێڵێکی بەرگریی کاتی بۆ ماوەی 6 مانگ کار بکەن، بەڵام بەردەوامیی جەنگ و پەککەوتنی پاڵاوگەکان مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی وزەی جیهان دروست دەکەن، ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە تاکە چارەسەری بنەڕەتی، گەڕانەوەی ڕەوتی ئاسایی کەشتیوانییە بۆ گەرووی هورمز.
PM:05:44:13/08/2026
ئهم بابهته 308
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت