عەباس عەراقچی هۆشداریی دەداتە واشنتن: وریای هەڵە بن لە گەرووی هورمز
وێستگەنیوز-
ئێران جارێکی دیکە هۆشداریی دایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبارەی هەر لێکدانەوەیەکی هەڵە بۆ دۆخی گەرووی هورمز، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دەڵێت، زانیارییە هەواڵگرییە ناڕاستەکان ئەمریکا تووشی شکستی گەورە دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X ڕایگەیاند: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەمیشە بەهۆی شکستی هەواڵگرییەوە لە لێکدانەوەکانیدا تووشی هەڵە بووە، باشترین نموونەش شەڕی دژ بە ئێرانە.
ئاماژەی بەوەش کردووە ئێستا "سەوء فەهم" و لێکدانەوەیەکی زۆر گەورەتر لەلایەن واشنتنەوە هەیە سەبارەت بە گەرووی هورمز و وتی: "خراپتر لە هەواڵی ناڕاست، زانیاری هەواڵگری ناڕاستە، بۆیە وریابن".
هاوکات، حوسێن تائیب کە ئەم هەفتەیە لەلایەن موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری ئێرانەوە وەک فەرماندەی هێزەکانی بەسیج دەستنیشانکرا، جەختی کردەوە کە گەرووی هورمز لەژێر بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵی کۆماری ئیسلامیدایە و وڵاتەکەی بە ئاسایشی تەواوەوە بەردەوام دەبێت.
ئەم کاردانەوانەی ئێران دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی Truth Social ڕایگەیاندبوو وڵاتەکەی کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر گەرووی هورمزدا هەیە.
ترەمپ گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکای بە "دیوارێکی پۆڵاین" ناوبرد کە ئێران ناتوانێت بیبڕێت و دووپاتی کردەوە کە واشنتن ئەو کۆنترۆڵە دەپارێزێت.
تاران پێشتر ڕایگەیاندبوو ڕێگە نادات هاتووچۆی کەشتیوانی بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش مانگی 2ـی ڕابردوو، هەروەها پلانی هەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ عومان، "کرێی خزمەتگوزاری" بەسەر ئەو کەشتیانەدا بسەپێنێت کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن، کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ هەناردەکردنی وزە.
PM:04:21:13/08/2026
ئهم بابهته 460
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت