هەواڵگری ئەمەریکا: ئێران گەرووی هورمز وەک چەکێکی بەهێزتر لە ئەتۆم بەکاردەهێنێت
وێستگەنیوز-
بەپێی هەڵسەنگاندنێکی نوێی هەواڵگری سەربازی ئەمەریکا، ئەولەویەتی ستراتیژی ئێران گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لە ئێستادا تاران گەرووی هورمز وەک کارتێکی فشاری کاریگەرتر لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەبینێت.
بەرپرسانی ئەمەریکی ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم گۆڕانکارییە دوای ئەوە دێت کە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لە قۆناغەکانی پێشووی ململانێکاندا رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، بۆیە ئێستا تاران گەرووەکە وەک چەکێکی سەرەکی بۆ فشارخستنە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەکاردەهێنێت.
لە بەرانبەردا، فەرماندە سەربازییەکانی ئەمەریکا راپۆرتێکی وردیان پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ کردووە و تێیدا هۆشدارییان داوە کە هەر هەوڵێکی سەربازی بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵی تەواو بەسەر گەرووەکەدا، کارێکی درێژخایەن و خوێناوی دەبێت، بەپێی پلانە سەربازییەکان، پێشبینی دەکرێت لە ئەگەری هەر رووبەڕووبوونەوەیەکدا ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی ئەمەریکی ببنە قوربانی و نرخی نەوتیش لە بازاڕەکانی جیهاندا بە شێوەیەکی بێپێشینە بەرز ببێتەوە، ئەمەش وایکردووە ترەمپ بە وریاییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ بژاردەکاندا بکات.
ئیدارەی ترەمپ لە وەڵامی ئەم هەڵسەنگاندنانەدا رایگەیاندووە، گەرووی هورمز لە ئێستادا وەک "دیوارێکی پۆڵاین" لە ژێر کۆنترۆڵی تەواوی هێزی دەریایی ئەمەریکادایە، بەرپرسێکی باڵای ئیدارەکە دەڵێت: "هیچ شتێک بە گەرووەکەدا تێپەڕ نابێت مەگەر ئێمە بمانەوێت، تێپەڕبوونی کەشتییەکانیش تەنیا دوای رێککەوتن یان خۆبەدەستەوەدانی تەواوەتی ئێران دەبێت."
بەهۆی ئەم ئاڵۆزییانەوە، بازرگانی جیهانی زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، ئامارەکان نیشانی دەدەن کە هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە؛ لە کاتێکدا پێشتر رۆژانە نزیکەی 100 کەشتی کە 20%ی نەوت و گازی جیهانیان دەگواستەوە تێدەپەڕین، لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا تەنیا 17 کەشتی تێپەڕیون.
سەبارەت بە چارەسەری قەیرانەکە، ئێران چەند مەرجێکی بۆ کردنەوەی گەرووەکە داناوە، لەوانە کۆتاییهێنان بە جەنگ، کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی، بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرجەم مەرجەکانی رەتکردووەتەوە و جەختی کردووەتەوە کە دەبێت ئێران باجی ئەو زیانانە بدات کە بە هێزەکانی ئەمەریکای گەیاندووە.
AM:09:32:12/08/2026
ئهم بابهته 312
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت