دادگای تاوانەکانی دیمەشق سزای لەسێدارەدانی بۆ بەشار ئەسەد و ماهیر ئەسەدی برای دەرکرد


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە 11ی ئابی 2026، دادگای تاوانەکانی دیمەشق حوکمی لەسێدارەدانی بۆ بەشار حافز ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سوریا و ماهیر ئەسەدی برای و چەند بەرپرسێکی دیکەی باڵای سەربازی دەرکرد، ئەمەش دوای ئەوەی بە ئەنجامدانی تاوان دژی مرۆڤایەتی تاوانبار کران.


دادوەر فەخرەدین ئەلعەریان، کە سەرۆکایەتی دانیشتنی دادگاییکردنەکەی دەکرد رایگەیاند، دادگا بەشار ئەسەدی بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەستی زیاتر لە کەسێک و بەئامانجگرتنی منداڵان تاوانبار کردووە، ئاماژەی بەوەش کرد کە ناوبراو جگە لە تاوانی ئەشکەنجەدان و دەستبەسەرکردنی ناڕەوا، دەزگاکانی دەوڵەتی بۆ جێبەجێکردنی ئەو تاوانانە بەکار هێناوە، کە وەک "بەشداریی خاوەن بڕیاری باڵا" لە قەڵەم دراوە.

هاوکات دادگا حوکمی لەسێدارەدانی بۆ عاتیف نەجیب و چەند تۆمەتبارێکی هەڵاتوو دەرکردووە کە پێکهاتوون لە: ماهیر حافز ئەسەد، فەهد جاسم ئەلفەرێج، محەمەد ئەیمەن عەیووش، لوئەی عەلی ئەلعەلی، قوسەی ئیبراهیم مەیهووب، وەفیق ساڵح ناسر و تەلال فارس ئەلعەسیمی.

بەپێی بڕیارەکەی دادگا، ئەو کەسانە بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست و ئەشکەنجەدان کە بووەتە هۆی مردنی هاووڵاتیان تاوانبار کراون. روونی کردەوە کە ئەم حوکمانە ئەو تۆمەتبارانەش دەگرێتەوە کە ئێستا هەڵاتوون، ئەمەش رێگە خوش دەکات بۆ ئەوەی لە دەرەوەی خاکەکانی سوریاش راوەدوونانیان بۆ بکرێت.

ئەم بڕیارانەی دادگای تاوانەکانی دیمەشق دوای لێکۆڵینەوە لە چەندین دۆسیەی کوشتن و ئەشکەنجەدان و پێشێلکارییە قورسەکانی مافی مرۆڤ دێت، کە لە ماوەکانی رابردوودا لەو وڵاتە ئەنجام دراون.


PM:12:07:11/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو