جێگری پارێزگاری حەسەکە: 400 خێزان گەڕاونەتەوە و رێوشوێنی یاسایی بەرانبەر ئاژاوەگێڕان دەگیرێتەبەر


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە 11ی ئابی 2026، ئەحمەد هیلالی، جێگری پارێزگاری حەسەکە رایگەیاند، دوای گرتنەبەری رێوشوێنە ئەمنییە پێویستەکان، زیاتر لە 400 خێزان بۆ گوندەواری راس ئەلعەین گەڕاونەتەوە، جەختیشی کردەوە کە مافی گەڕانەوە بۆ خاک و ماڵ "مافێکی رەسەنە و دەوڵەت بۆ هەر هاووڵاتییەکی سوری دابینی دەکات".


هیلالی لە لێدوانێکدا بۆ بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی حەسەکە، کردەوەکانی ئاژاوەگێڕی و دەستدرێژی بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتی لە ناوچەکانی سەرێ کانیێ و حەسەکە سەرکۆنە کرد، ئاماژەی بەوەش کرد کە نادروستە ناکۆکییەکان بگۆڕدرێن بۆ دەستدرێژی بۆ سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت و هێماکانی، کە نوێنەرایەتی قوربانییەکانی گەلی سوریا دەکەن.

جێگری پارێزگاری حەسەکە ئاشکرای کرد، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان کردووە بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی و ژمارەیەک لە ئاژاوەگێڕان لە چەند ناوچەیەک دەستگیر کراون، جەختیشی کردەوە کە هیچ کەمتەرخەمییەک بەرانبەر هەر هەوڵێک بۆ خۆشکردنی ئاگری فیتنە یان هەڕەشەکردن لە ئاشتی ناوخۆیی ناکرێت و دەوڵەت بەردەوام دەبێت لە چەسپاندنی سەروەری یاسا.

سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، هیلالی وتی: "گەڕانەوەی ئەم خێزانانە هاوتەریبە لەگەڵ کارەکانی لادانی مین و پاشماوەکانی جەنگ و کردنەوەی رێگا سەرەکییەکان. پڕۆسەکانی پشکنین و پاککردنەوە لە ژمارەیەک ناوچە بەردەوامە بۆ دابینکردنی گەڕانەوەی هاووڵاتیانی زیاتر بە شێوەیەکی ئارام و شکۆمەندانە".

لە کۆتایی قسەکانیدا، جێگری پارێزگاری حەسەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوانە پردی متمانە و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان رۆڵەکانی کۆمەڵگەدا بەهێز دەکات. لەو چوارچێوەیەشدا شاندێکی ئاوارەکانی حەسەکە سەردانی ناوچەکانی خۆیان کردووە بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخەکە، کە ئەمە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ گەڕانەوەی پەیوەندی و متمانە لەنێوان هاووڵاتیاندا هەژمار دەکرێت.


AM:11:10:11/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو