وەزیری دەرەوەی ئێران: هەوڵەکان بۆ دروستکردنی زەمینە بۆ دانوستان لە ئارادایە
وێستگەنیوز-
وەزیری دەرەوەی ئێران مەرجەکانی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ واشنتن ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، تاوەکو ئەمریکا قەرەبووی پێشێلکارییەکانی نەکاتەوە، هیچ دانوستانێک ئەنجام نادرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 9ـی ئابی 2026، ئاژانسەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن وتویەتی، هەرچەندە هەوڵەکان بۆ دروستکردنی زەمینەی گفتوگۆ بەردەوامن، بەڵام بە بڕوای ئێران هیچ ئەگەرێک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان نییە تا ئەو کاتەی ئەمریکا قەرەبووی ئەو شتانە نەکاتەوە کە لە ڕابردوودا پێشێلی کردوون.
عەراقچی ئاماژەی بەوە کردووە، ناوبژیوانەکان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەک، بەڵام هەڵوێستی تاران ڕوونە، تا ئەو کاتەی پێشێلکارییەکانی ئەمریکا بۆ سەر یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کۆتایی پێنەیەت و قەرەبووی زیانەکان نەکرێتەوە، مێزی گفتوگۆ کارا نابێتەوە.
سەبارەت بە دۆخی گەرووی هورمز، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، مەرجەکانی وڵاتەکەی بۆ کردنەوەی گەرووەکە لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە گەیەندراوەتە لایەنی ئەمریکی.
وتیشی: گۆڕینی ڕێڕەوی دەریایی لە گەرووی هورمز پرسێکی تەکنیکی و یاساییە، ئەمە بەو مانایە نییە کە گەرووەکە کراوەتەوە، چونکە کردنەوەی تەواوەتی بەندە بە جێبەجێکردنی مەرجەکانمان لەلایەن ئەمریکاوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەراقچی باسی لە دانوستانەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عومان کرد و وتی: دانوستانەکان لەگەڵ عومان بۆ دیاریکردنی ڕێڕەوێکی نوێی دەریایی لە گەرووی هورمز گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، شارەزایان خەریکی نەخشەسازی نوێن و ڕێگا کۆنەکان بە ڕێگای نوێ دەگۆڕدرێن، بەڵام دووبارەی دەکەمەوە ئەمە بە مانای کردنەوەی گەرووەکە نایەت.
PM:01:26:09/08/2026
ئهم بابهته 300
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت