جەی دی ڤانس: ئێران بەڵێنی داوە گەرووی هورمز دانەخات بەڵام متمانەیان پێ ناکەین
وێستگەنیوز-
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکس نیوز)، تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران، کێشە ناوخۆییەکانی ئەمریکا و ئەزموونە تایبەتییەکانی خۆی.
ڤانس رایگەیاند، ئێران لە ئێستادا بەهۆی فشارەکانەوە ئازارێکی زۆر دەچێژێت و دەیانەوێت ململانێکان کۆتایی پێ بهێنن، ئاماژەی بەوەش کرد، تاران بە واشنتۆنی راگەیاندووە کە هیچ پلانێکیان بۆ وەرگرتنی باجی رێگا (tolling) لە گەرووی هورمز نییە و رێگە دەدەن رۆیشتنی نەوت و گاز بگەڕێتەوە بۆ ئاستی پێش دەستپێکردنی ململانێکان.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا وتیشی: "ئێمە توانای سەربازی ئەوانمان بە شێوەیەکی ریشەیی کەم کردووەتەوە، ئێستاش کار لەسەر پلانێکی هاتووچۆی سەلامەت دەکەین بۆ کەشتییەکان تاوەکو لە مینە چێنراوەکان پارێزراو بن، بەڵام متمانە بە قسەی ئێرانییەکان ناکەین و دەبێت بە کردەوە بۆمان بسەلمێنرێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڤانس رەخنەی توندی لە ویلایەتە شینەکان (دیموکراتەکان) گرت و تۆمەتباری کردن بەوەی داتاکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هاوبەش ناکەن، باسی لەوە کرد کە ویلایەتی کالیفۆرنیا 8 ملیار دۆلاری بۆ بەرنامەی "کۆبۆنی خۆراک" وەرگرتووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی چاودێرییەوە، کۆچبەرانی نایاساییش سوودمەند دەبن، وتیشی: "تۆڕێکی فراوان لە رێکخراوە ناحکومییەکان و پارتە سیاسییەکان لەسەر ئەم فێڵە داراییانە کار دەکەن".
لە کۆتایی قسەکانیدا، ڤانس هێرشی کردە سەر عەبدولڕەحمان ئەلسەید، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سینای میشیگان و بە "پیاوێکی سەیر و شێت" ناوی برد، ڤانس تۆمەتباری کرد بەوەی هێرشی کردووەتە سەر منداڵەکانی و دژی ئەو سیاسەتانە وەستاوەتەوە کە پیشەسازی ئۆتۆمبێلی میشیگانیان رزگار کردووە، وتیشی، ئەو کاندیدە تەنها دەیەوێت باج لە خەڵک وەربگرێت و بیدات بە گروپە بەرژەوەندیخوازەکانی پارتی دیموکرات.
PM:06:32:08/08/2026
ئهم بابهته 156
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت