محەمەد باقر زولقەدر: دەبێت ئەمریکا هێزەکانی بکێشێتەوە و قەرەبوومان بداتەوە
وێستگەنیوز-
ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، هەڵوێستی توندی وڵاتەکەی بەرامبەر واشنتۆن راگەیاند و کردنەوەی گەرووی هورمزی بەستەوە بە "راستکردنەوەی رەفتارەکانی ئەمریکا" و جێبەجێکردنی چەند مەرجێکی سەرەکی.
ئەمڕۆ شەممە 8ی ئابی 2026، محەمەد باقر زولقەدر، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، تا ئەو کاتەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رەفتاری خۆی راست نەکاتەوە، گەرووی هورمز دووبارە ناکرێتەوە، راشیگەیاند کە ئەنجوومەنەکەیان لەم هەڵوێستە پاشەکشە ناکات، چ لە کاتی شەڕدا بێت یان لە کاتی گفتوگۆکاندا.
بە وتەی زولقەدر، "راستکردنەوەی رەفتار" لەلایەن ئەمریکاوە چەند خاڵێک لەخۆ دەگرێت، گرنگترینیان: کۆتاییهێنان بە هەڕەشە و سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی گەلی ئێران، راگرتنی هەمیشەیی شەڕ و دەستدرێژی بۆ سەر ئێران و هاوپەیمانەکانی لە لوبنان، فەلەستین، یەمەن و عێراق.
سەبارەت بە لایەنی سەربازی و ئابووری، ئەمینداری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران داوای کرد، ئەمریکا گەمارۆی دەریایی لابەرێت و هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی لە دەوروبەری ئێران بکێشێتەوە، هەروەها جەختی کردەوە کە دەبێت واشنتۆن قەرەبووی تەواوی ئەو شەڕانە بداتەوە کە بەسەر ئێراندا سەپێنراون، سزا "زۆردار و نایاساییەکان" هەڵبگرێت و بەبێ هیچ مەرجێک داراییە سڕکراوەکانی گەلی ئێران ئازاد بکات.
محەمەد باقر زولقەدر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم داواکارییانە هی گەلی ئێرانە کە لە ماوەی 160 رۆژی رابردوودا لە مەیدان و شەقامەکاندا هاواریان بۆ کردووە، دووپاتیشی کردەوە کە ئێران لە هیچ کام لەم داواکارییانە پاشەکشە ناکات.
PM:05:17:08/08/2026
ئهم بابهته 136
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت