جەی دی ڤانس: ئێرانییەکان سەختن و رێگە نادەین ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی
وێستگەنیوز-
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆی وڵاتەکەی وروژاند و رایگەیاند، کە ئیسرائیل هاوپەیمانێکی گەورەی ئەمریکایە، بەڵام بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن لە سەروو هەموو شتێکەوەیە.
لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڤانس وتی: "گفتوگۆیەکی خۆش و راشکاوانەمان هەبوو، هیچ روبەڕووبوونەوەیەک لە ئارادا نەبوو. ئیسرائیل وەک فەرەنسا و بەریتانیا هاوپەیمانمانە، بەڵام ئاساییە هەندێک جار جیاوازی بیروڕامان هەبێت، چونکە ئەرکی من تەنها پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە".
سەبارەت بە دۆسیەی ئێران، جێگری سەرۆکی ئەمریکا وتی: "ئێرانییەکان خەڵکێکی یەکجار سەختن و سیستەمێکی لێکترازاوایان هەیە؛ هەندێکیان جەنگیان دەوێت و هەندێکی تریان دەیانەوێت کۆتایی پێ بێت"، جەختیشی کردەوە کە ئەمریکا هەموو ئامرازە سەربازی، ئابووری و دیپلۆماسییەکانی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە کە ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
لە لایەکی دیکەوە، ڤانس ئاماژەی بە دابەزینی نرخی نەوت کرد کە گەیشتووەتە 79 دۆلار و رایگەیاند کە ئەمریکا لە پێگەیەکی بەهێزتردا دەبێت. وتیشی: "ئێمە لە ناوەڕاستی یارییەکەداین و ئەنجامەکان لە بەرژەوەندی ئەمریکا دەبن".
لەبارەی دۆخی ئابووری ناوخۆ و وڵاتانی دراوسێ، جەی دی ڤانس رەخنەی لە سیاسەتە ئابوورییەکانی 40 ساڵی رابردوو گرت و رایگەیاند کە لە ماوەی 18 مانگدا هەموو شتێک چاک نابێتەوە، سەبارەت بە کەنەداش، ئاماژەی بەوە کرد کە دۆخی ئەو وڵاتە "زۆر خراپە".
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، ڤانس هۆشداری توندی دایە ئەو کەسانەی لە رێگەی فێڵکردن لە باجدەرانی ئەمریکا دەوڵەمەند دەبن و وتی: "پێویستە هەموومان هەوڵ بدەین رێگرییان لێ بکەین و بیانخەینە زیندانەوە".
AM:09:44:06/08/2026
ئهم بابهته 244
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت