ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کۆنگۆ ریکۆرد دەشکێنێت؛ رێژەی مردن 44%ـە
وێستگەنیوز-
رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) هۆشداری توند دەدات لەبارەی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی ڤایرۆسی (بوندیبوگیۆ - BVD) لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و رایگەیاند، ئەمە گەورەترین بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرەی ئیبۆلایە کە تا ئێستا لە مێژووی ئەو وڵاتەدا تۆمار کرابێت.
بەپێی دوایین ئامارەکان کە تا 30ی تەمووزی 2026 رێکخراون، کۆی گشتی 3605 حاڵەتی پشتراستکراوی تووشبوون بەو ڤایرۆسە تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش 1587 کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش نیشانیدەدات کە رێژەی مردن بەم نەخۆشییە گەیشتووەتە 44%، کە رێژەیەکی زۆر بەرز و مەترسیدارە.
لە راپۆرتە پزیشکییەکاندا هاتووە، تەنها لە ماوەی هەفتەی رابردوودا بەرزترین ژمارەی تووشبوون تۆمارکراوە کە گەیشتووەتە 567 حاڵەت، لەگەڵ 296 حاڵەتی مردن، ئەمەش خێراییەکی نائاسایی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە دەسەلمێنێت، نەخۆشییەکە لە پارێزگای (ئیتوری)یەوە دەستی پێکردووە و ئێستا بۆ 5 پارێزگای تری ئەو وڵاتە و 49 ناوچەی تەندروستی جیاواز بڵاوبووەتەوە.
لەبارەی سروشتی ڤایرۆسەکە، شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە (بوندیبوگیۆ) نەخۆشییەکی توندە و لە ئاژەڵەوە (بەتایبەت شەمشەمەکوێرەی میوەخۆر) بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، دواتریش لە رێگەی بەرکەوتنی راستەوخۆ بە شلەمەنییەکانی جەستەی کەسی تووشبوو لە نێوان مرۆڤەکاندا بڵاودەبێتەوە. ماوەی کڕکەوتنی ڤایرۆسەکە لە نێوان 2 بۆ 21 رۆژدایە و نیشانە سەرەتاییەکانی وەک (تا، ماندوێتی، ئازاری ماسولکە و سەرئێشە) دەردەکەون.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی مەترسی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسەی لەناو کۆماری کۆنگۆدا بە "زۆر بەرز" و بۆ وڵاتانی هاوسێی بە "بەرز" پۆلێن کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە تا ئێستا هیچ کوتانێکی پەسەندکراو یان چارەسەرێکی دیاریکراو بۆ ئەم جۆرە لە ڤایرۆسی ئیبۆلا نییە و تەنها رێگە بۆ رێگری لێی، گرتنەبەری رێکاری توندی تەندروستی و جیاکردنەوەی تووشبووانە.
هەرچەندە ئۆگاندا پێشتر حاڵەتی تووشبوونی تێدا تۆمارکرا، بەڵام وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتە کۆتاییهاتنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەی لە سنوورەکانیدا راگەیاند، دوای ئەوەی 42 رۆژ تێپەڕی و هیچ حاڵەتێکی نوێ تۆمار نەکرا. لەگەڵ ئەوەشدا رێکخراوی تەندروستی جیهانی جەخت دەکاتەوە کە مەترسییەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە و پێویستە وڵاتان لە ئامادەباشی تەواودا بن.
AM:10:04:02/08/2026
ئهم بابهته 304
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت