وەزارەتی دەرەوەی ئێران: بۆ بەرگریی رەوا لە ئاسایشی نەتەوەیی هەموو ئامرازەکان بەکار دەهێنین


وێستگەنیوز-

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەسەر بەردەوامیی بەرگریی بەهێز لە قەوارەی وڵاتەکەی کردەوە و رایگەیاند، بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و مافەکانی گەلی ئێران، هەموو ئامرازە بەردەستەکان بەکار دەهێنن.


لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئێران لە بەرامبەر دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و رژێمی زایۆنیستی، مافی خۆیەتی هەموو ئامرازەکانی بۆ بەرگریی رەوا لە مافەکان، بەرژەوەندییەکان و ئاسایشی نەتەوەیی بەکار بهێنێت، وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی و هێرشکردنە سەر ژێرخانە مەدەنییەکان، نموونەی ئاشکرای پێشێلکردنی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانن.

وەزارەتی دەرەوە رەخنەی توندی لە بێدەنگیی ئەنجومەنی ئاسایش و سستیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گرتووە و رایگەیاندووە، ئەم بێدەنگییە لەگەڵ بەرپرسیارێتییە یاساییەکانی ئەو دامەزراوانەدا لە دژایەتیدایە.

سەبارەت بە رەوشی ناوچەکە، لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە رۆڵی ئەمریکا کراوە لە نائارامکردنی گەرووی هورمز و زیادکردنی گرژییەکان، وەزارەتی دەرەوە دەڵێت: "بەهانەهێنانەوە دەربارەی تێپەڕبوونی کەشتییەکان، تەنها پەردەیەک بووە بۆ کارە سەربازییەکان و فشارخستنە سەر ئێران".

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، وێڕای شەرمەزارکردنی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەسەر پاراستنی پەیوەندییە دۆستانەکان لەگەڵ دراوسێیەکان و بەردەوامیی بەرگری لە سەربەخۆیی و سەروەریی وڵاتەکەی کردووەتەوە.


PM:10:21:01/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت