دۆناڵد ترەمپ: بژاردەی گەمارۆی وشکانی لەسەر مێزە
وێستگەنیوز-
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بە توندی لە ئێران دەدات و جەختی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی تاران بە باشی بەڕێوەدەچن، هاوکات واشنتن و تەلئەبیب تاوتوێی سەپاندنی گەمارۆی وشکانی بەسەر ئێراندا دەکەن.
ئەمڕۆ هەینی 31ـی تەمووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی فۆکس نیوز ڕایگەیاند: شتێک لەبارەی ئێرانەوە ڕوودەدات، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر ئاشکرا بکات.
دواتریش لە کۆبوونەوەیەکی حکومیدا لە کامپ دەیڤد بە ڕۆژنامەنووسانی وت: ئێران لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و وێرانکارییەکی گەورەمان بەسەر تواناکانیاندا هێناوە.
ترەمپ جەختی کردەوە کە ئەوەی واشنتن ئەنجامی دەدات ئۆپەراسیۆنی سەربازییە نەک شەڕ.
سەبارەت بە هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی سەر سیستەمی ئاوی ویلایەتی مینیسۆتا، ترەمپ بەرگری لە ئێران کرد و ڕایگەیاند، پێناچێت تاران بەرپرسیار بێت، بەڵکو لۆمەی کاربەدەستانی ویلایەتەکەی کرد و بە "کەمکار" وەسفی کردن.
ڕۆژنامەی دەیلی تەلەگرافی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل بژاردەی سەپاندنی گەمارۆی وشکانی بەسەر ئێراندا تاوتوێ دەکەن.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە واشنتن هەموو بژاردە سەربازییەکانی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز تاقی کردووەتەوە، ئەم پلانە پێویستی بە فشار خستنە سەر وڵاتانی دراوسێی ئێران هەیە بۆ داخستنی دەروازە سنوورییەکان بە مەبەستی پەکخستنی بازرگانیی ئەو وڵاتە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا- سێنتکۆم، ئەدمیراڵ براد کوپەر، پلانێکی بۆ هێرشی ئاسمانیی بەرفراوان ئامادە کردووە کە ڕەنگە لە نێوان 10 بۆ 14 ڕۆژ بخایەنێت.
پلانەکە ناوەندەکانی فەرماندەیی، دامەزراوەی موشەکی و درۆنەکانی سوپای پاسداران دەکاتە ئامانج، چونکە بە بڕوای ئەوان، "لێدانە سنووردارەکان" نەیانتوانیوە ئێران ڕابگرن.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاند، هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بەردەوامن.
ئیسلام ئاباد وەک ناوبژیوان هەوڵ دەدات لایەنەکان بگەڕێنێتەوە بۆ تێگەیشتنی مانگی حوزەیران بە مەبەستی کردنەوەی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنان بە گرژییەکان، بەڵام نوێبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران پڕۆسە دیپلۆماسییەکەی ئاڵۆز کردووە.
PM:07:13:31/07/2026
ئهم بابهته 308
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت