ترەمپ رێککەوتنی "چەکداماڵینی حەماس" و گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی غەززەی راگەیاند
وێستگەنیوز-
بەرەبەیانی ئەمرۆ هەینی 31ی تەمووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گەیشتن بە رێککەوتنێکی مێژوویی و ستراتیژی بۆ چەکداماڵینی تەواوەتیی بزووتنەوەی حەماس و سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی دیکەی لە کەرتی غەززە ئاشکرا کرد.
دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس" بڵاویکردەوە، کە ئەنجوومەنی ئاشتی گەیشتووەتە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە چەکداریی لە غەززە، ئەمەش وەک بەشێک لە جێبەجێکردنی "پلانی 20 خاڵیی ترەمپ" بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا، سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە وەرچەرخانێکی مێژووییە بۆ گەرەنتی کردنی ئاسایشی ئیسرائیل و دابینکردنی ئاشتییەکی بەردەوام.
بەپێی دەق و ناوەرۆکی پلانەکە، کەرتی غەززە لەمەودوا لە لایەن حکومەتێکی نوێی فەڵەستینییەوە بەڕێوە دەبرێت کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاشتی کار دەکات، لە بەرامبەر داماڵینی چەک و گۆڕانکارییە کارگێڕییەکاندا، ئیسرائیل ئاسایشی دەستدەکەوێت و غەززە چیتر وەک بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە بەکارناهێنرێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە پرۆسەکە بە چەند قۆناغێک جێبەجێ دەکرێت؛ هاوکات لەگەڵ چەکداماڵیندا، هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتەکە دەکشێنەوە و هێزێکی سەقامگیری نێودەوڵەتی بە هاوکاری پۆلیسێکی نوێی فەڵەستینی ئەرکی پاراستنی ئاسایش دەگرنە ئەستۆ، ترەمپ وتیشی: "ساڵێک لەمەوبەر ناوچەکە لەناو جەنگ و قەیراندا بوو، بەڵام ئێستا گەیشتووینەتە ئەم سەرکەوتنە مێژووییە".
بەرپرسانی ئەمریکی ئاشکرایان کردووە، واشنتۆن کار بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی تەکنۆکرات دەکات کە ببێتە جێگرەوەی حەماس و دەسەڵاتی فەڵەستینی لە غەززە، بەپێی رێککەوتنەکە، بزووتنەوەی حەماس هیچ رۆڵێکی لە بەڕێوەبردنی کەرتەکەدا نامێنێت و خودی بزووتنەوەکەش رەزامەندی نیشانداوە کە لە دەسەڵات دووربکەوێتەوە، غازی حەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حەماس لەو بارەیەوە رایگەیاندووە: "بۆ پاراستنی گەلەکەمان لە کوشتن و ئاوارەبوون، سازش دەکەین".
لە لایەکی دیکەوە، ترەمپ سوپاسی هەوڵەکانی هەریەک لە میسر، قەتەر و تورکیای کرد بۆ رۆڵیان وەک نێوەندگیر، هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە کە ئیدارەی ئەمریکا لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەست بە جێبەجێکردنی پلانەکە دەکات.
ئامانجی درێژخایەنی ئەم پلانە، گۆڕینی غەززەیە بۆ ناوچەیەکی گەشە سەندوو کە توانای راکێشانی وەبەرهێنانی هەبێت، نەک تەنها پشت بە هاوکاری مرۆیی ببەستێت، هەروەها جەختکراوەتەوە کە ئیسرائیل دەستوەردان لە پڕۆسەی داماڵینی چەکدا ناکات و ئەو ئەرکە تەنها لە ئەستۆی "لیژنەی نیشتمانی" دەبێت کە ئەنجوومەنی ئاشتی پێکیهێناوە.
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەکەش، بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئێران هەوڵی تێکدانی رێککەوتنەکەی داوە، بەڵام هەوڵەکانی بێ ئاکام بوون و پرۆسەکە بەرەو جێبەجێکردن دەچێت.
AM:11:01:31/07/2026
ئهم بابهته 440
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت