ئەمریکا هێرشی چڕی کردە سەر ناوخۆی ئێران و ئوردنیش چەند مووشەکێکی تاران دەخاتە خوارەوە
وێستگەنیوز-
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی شەپۆلێکی چڕ و کاریگەری هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر چەندین ئامانجی سەربازی لە ناوخۆی خاکی ئێران ئەنجامداوە، ئەمەش وەک وەڵامێکی راستەوخۆ بۆ ئەو هێرشانەی کرانە سەر هێزەکانیان لە ناوچەکە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی تەمووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، هێزەکانیان بە سەرکەوتوویی زنجیرەیەک هێرشیان بۆ سەر دەیان پێگەی سوپای پاسدارانی ئێران و سەنتەرەکانی فەرماندەیی سەربازیی ئەو وڵاتە کۆتایی پێهێناوە. سێنتکۆم جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە وەڵامێکی توندە بۆ ئەو هێرشە مووشەکییانەی دوێنێ لە لایەن ئێرانەوە کرانە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت ئەو هێرشەی کرایە سەر بنکەیەکی سەربازییان لە وڵاتی ئوردن.
هاوکات، سەرچاوە میدیاییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە کە دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە شارەکانی "سیریک" لە پارێزگای هورمزگان و "نور ئاباد" لە باشووری ئێران بیستراوە. ئاژانسی "ئیرنا"ی فەرمی ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرش کراوەتە سەر دوورگەی قشم و شاری ئابادان، بەو هۆیەوە لە دوورگەی قشم خانووێک رووخاوە و تیمەکانی فریاکەوتن سەرقاڵی گەڕانن بەدوای 2 کەسدا کە لەژێر داروپەردوی خانووەکەدا گیریان خواردووە.
ئەم هێرشانەی واشنتۆن دوای ئەوە دێت کە دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی دابوو و رایگەیاندبوو کە وەڵامی ئەمجارەی وڵاتەکەی بۆ سەر تاران زۆر توند دەبێت. لەو چوارچێوەیەشدا پێگەی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە پشتڕاستی کردەوە کە ئەم ئۆپراسیۆنانە وەڵامی کوژرانی سەربازە ئەمریکییەکانە لە ئوردن.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئوردن لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیان توانیویانە رێگری لە 5 مووشەک بکەن و لە ئاسماندا بیانتەقێننەوە کە لە خاکی ئێرانەوە بەرەو سنوورەکانی ئوردن ئاراستە کرابوون. سوپای ئوردن ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی یاساکانی رووبەڕووبوونەوە مامەڵەیان لەگەڵ مووشەکەکان کردووە و پێش گەیشتن بە ئامانجەکانیان خراونەتە خوارەوە.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گرژییەکی بێوێنەدایە و ئەمریکا دووپاتی دەکاتەوە کە بۆ پاراستنی سەربازەکانی، سڵ لە وەڵامدانەوەی هیچ هەڕەشەیەک ناکاتەوە کە لە لایەن ئێران یان گرووپە لایەنگرەکانیەوە ئەنجام بدرێت.
AM:08:16:30/07/2026
ئهم بابهته 568
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت