سێنتکۆم: سوپای پاسداران هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر گەرووی هورمزدا نییە


وێستگەنیوز-

سێنتکۆم هەژموونی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، سوپای پاسداران هیچ مافێکی یاسایی نییە بۆ دیاریکردنی ڕێگای کەشتییەکان، ئاماژە بەوەش دەکات بە پشتیوانی ئەمریکا 500 ملیۆن بەرمیل نەوت بە سەلامەتی لەو تەنگەیە دەرباز کراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 29ـی تەمووزی 2024، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا- سێنتکۆم لە بڵاوکراوەیەکدا بە توندی ئەو بانگەشانەی سوپای پاسدارانی ئێرانی ڕەتکردەوە کە گوایە دەبێت هەموو کەشتییەکان لە گەرووی هورمز تەنها ئەو ڕێڕەوانە بەکاربهێنن کە لەلایەن پاسدارانەوە دەستنیشان کراون.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە گەرووی هورمز ڕێڕەوێکی ئاوی نێودەوڵەتییە و سوپای پاسداران هیچ دەسەڵاتێکی یاسایی یان نێودەوڵەتی نییە بۆ دەستنیشانکردنی ڕێگاکان بۆ هاتوچۆی ئازاد و کراوەی کەشتییەکان.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، کەشتییە بازرگانییەکان بەردەوامن لە بەکارهێنانی گەرووەکە و ئەوەش بە پشتیوانی و پاراستنی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا ئەنجام دەدرێت.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، لە سەرەتای مانگی 5ـی ئەمساڵەوە هێزەکانیان یارمەتی نزیکەی 1,000 کەشتییان داوە کە بەو ڕێڕەوە ئاوییە تەسکەدا تێپەڕن، کە تێیدا بڕی 500 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بۆ بازاڕەکانی جیهان گواستراوەتەوە.


PM:09:03:29/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت