سوپای پاسداران بنکەیەکی ئەمریکای لە ئوردن مووشەکباران کرد


وێستگەنیوز-

سوپای پاسدارانی ئێران رۆژی چوارشەممە 29ی تەمووزی 2026، رایگەیاند کە بە چەند مووشەکێکی بالیستی بنکەیەکی ئاسمانیی سوپای ئەمریکایان لە خاکی ئوردن کردووەتە ئامانج، سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری داوە کە ئەگەر جووڵەی هێزەکانی ئەمریکا دژی بەرژەوەندییەکانی تاران بەردەوام بێت، هێرشەکانیان درێژەی دەبێت.


لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانی سوپای پاسداران کاتژمێر 12:45 خولەکی شەو بە کاتی ئوردن مووشەکەکانیان تەقاندووە، سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە کە سیستەمی بەرگریی ئەمریکا توانیویەتی سەرجەم مووشەکەکان بە سەرکەوتوویی تێکبشکێنێت و هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی لەناو بنکە سەربازییەکەدا نەکەوتووەتەوە.

تێکچوونی ئارامییە کاتییەکە بەپێی راپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، ئەم هێرشە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئارامییە کاتییەی کە لە چەند رۆژی رابردوودا هەبوو، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئێران راگرتبوو تا دەرفەت بە گفتوگۆ بدرێت، هەرچەندە ترەمپ رایگەیاندبوو کە واشنتن و تاران گفتوگۆی باشیان هەیە، بەڵام ئێران بوونی هەر جۆرە گفتوگۆیەکی راستەوخۆی رەتکردەوە و رایگەیاند تەنها لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە پەیام دەگۆڕنەوە.

هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە بەردەم تاقیکردنەوەدا لە ئێستادا وڵاتی عومان سەرکردایەتی هەوڵەکان دەکات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئاگربەستی کاتی کە لە مانگی حوزەیرانی رابردوو واژۆ کرابوو، کە تێیدا جەخت لەسەر ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز و پرسی ئەتۆمی دەکرایەوە، بەڵام هێرشەکەی ئەمڕۆ وەک گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم ئەو هەوڵانە دەبینرێت.

ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئوردن، کوەیت و بەحرەین چەندین جار رووبەڕووی هێرشی موشەکی و درۆنی بوونەتەوە، توندترین هێرش لە 17ی تەمموزدا بوو بۆ سەر بنکەیەک لە ئوردن، کە تێیدا 2 سەربازی ئەمریکی کوژران و یەکێکی دیکەشیان بێسەروشوێن بوو.


AM:08:29:29/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو