سەرچاوە ئیسرائیلییەکان: نەتانیاهۆ بە زانیاری هەستیار و 3 مەرجی قورسەوە دەچێتە لای ترەمپ
وێستگەنیوز-
بە گوێرەی سەرچاوەکان نەتانیاهۆ لەم سەردانەیدا بۆ واشنتن جانتایەکی پڕ لە زانیاری هەستیاری لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئێران پێیە و دەیەوێت 3 داواکاری سەرەکی بخاتە بەردەم کۆشکی سپی کە پەیوەستن بە ئاسایشی ناوچەکە و فڕۆکە جەنگییەکانی F35.
ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی تەمووزی 2026، سەرچاوەکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە کە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ واشنتن، کۆمەڵێک زانیاری هەواڵگریی هەستیار و نوێی پێیە کە تایبەتن بە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و بڕیارە لە یەکەم دیداری ڕاستەوخۆیاندا پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای بکات.
بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی 12ـەی ئیسرائیلی، نەتانیاهۆ لەم کۆبوونەوەیەدا جگە لە دۆسیەی ئەتۆمی، هەڵوێستی توندی خۆشی بەرامبەر بە داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە لوبنان و سووریا دەردەبڕێت و هاوکات داواکارییەکی تایبەت پێشکەشی ترەمپ دەکات بۆ ئەوەی واشنتن فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووی جۆری F-35 بە تورکیا نەفرۆشێت.
ئەم گەشتەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە شێوەیەکی تەمومژاوی و لەژێر ڕێوشوێنی ئەمنیی توند و بێوێنەدا ئەنجام دراوە، بەجۆرێک کە بۆ یەکەمجار هیچ ڕۆژنامەنووسێک لە ناو فڕۆکەکەیدا نییە و ئۆفیسەکەشی تا یەک کاتژمێر دوای فڕینی فڕۆکەکە هیچ زانیارییەکیان لەسەر کات و شوێنی بەڕێکەوتنی بڵاونەکردەوە.
داتاکانی چاودێری فڕین ئاماژە بەوە دەکەن کە فڕۆکە فەرمییەکەی نەتانیاهۆ لە جیاتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بن گۆریۆن، لە بنکەی ئاسمانی نیفاتیمەوە بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوتووە، ئەمەش نیشانەی توندیی ئەو مەترسییە ئەمنییانەیە کە دەوروبەری ئەم سەردانە هەستیارەی گرتووە.
نەتانیاهۆ پێش بەڕێکەوتنی بۆ واشنتن لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا جەختی لەوە کردەوە کە لەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا پێویستیان بە دانایی و بڕیاری بوێر هەیە و ئامانجی سەرەکییان پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و ڕێگریکردنە لە هەڕەشەکانی ئێران.
PM:06:12:27/07/2026
ئهم بابهته 384
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت