ئەحمەد شەرع: لەجێبەجێکردنی رێککەوتنەکەمان لەگەڵ کورد سستییەک هەیە بەڵام هەر پشتی پێدەبەستین
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی تەمووزی 2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی ئەلجەزیرە، تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک دۆسیەی هەستیار و رایگەیاند کە سوریا پشت بە رێککەوتنەکەی لەگەڵ کوردەکان دەبەستێت.
لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد شەرع جەختی لەوە کردەوە، کە هەرچەندە سستییەک لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکاندا هەیە، بەڵام ئەوان هێشتا پشتی پێ دەبەستن، سەبارەت بە دۆسیەی بێسەروشوێنەکانیش، ئاماژەی بەوە کرد کە لیژنەیەکی پسپۆڕیان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەو مەبەستە پێکهێناوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی سوریا باسی لەوەکرد هەر پشێوییەک لە لوبنان رووبدات رەنگدانەوەی راستەوخۆی لەسەر سوریا دەبێت، بۆیە ئەوان پشتگیری لە حکومەتی لوبنان دەکەن بۆ گەیشتن بە کەناری ئارامی، وتیشی: "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە بڕیاری ئاشتی و جەنگ و خاوەندارێتی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتی لوبناندا بێت".
سەبارەت بە ئیسرائیل، شەرع ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی خۆی لە پێکدادان لەگەڵ ئیسرائیل بەدوور دەگرێت و هیچ بەرژەوەندییەکیان لە شەڕدا نییە، ئاشکراشی کرد کە کار دەکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ تەلئەبیب بە بەشداری کۆمەڵێک وڵات، شەرع وتی: "ئەگەر ئەم رێککەوتنە سەرکەوتوو بێت، رێگە بۆ ئاشتییەکی گشتگیر خۆش دەکات، بەبێ ئەوەی دەستبەرداری مافی سوریا ببین لە بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراو".
سەرۆکی سوریا ئەوەی خستەڕوو کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق لە پێشکەوتنی بەردەوامدایە، سەبارەت بە رووسیاش رایگەیاند، کە هێشتا گفتوگۆکانیان لەسەر داهاتووی بنکە سەربازییەکانی رووسیا لە سوریا کۆتایی پێنەهاتووە، ئاماژەی بەوەش کرد، کە لابردنی سزاکان لەسەر ئابووری سوریا بێ سوود دەبێت ئەگەر ناوی سوریا لە لیستی وڵاتانی پشتگیریکەری تیرۆر نەسڕێتەوە.
لە کۆتاییدا، دەربارەی رووداوەکانی دێرەزوور، شەرع رایگەیاند کە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و ئەگەری زۆرە ئەو پێکدادانە تەنها رووداوێکی رێکەوت بووبێت.
PM:01:42:26/07/2026
ئهم بابهته 288
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت