سەکۆکانی مووشەک و کۆگاکانی چەکی حوسییەکان لە مارب و ئەلجەوف بۆردومان کران


وێستگەنیوز -

لە هێرشێکی نوێی هێزە ئاسمانییەکاندا، پێگە سەربازییەکانی چەکدارانی حوسی لە چەند ناوچەیەکی ستراتیژی یەمەن کرانە ئامانج و زیانی گەورەیان پێگەیەندرا.


ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری 2 بەرپرسی سەربازیی یەمەنەوە بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە هێزە ئاسمانییەکان هێرشی چڕیان کردووەتە سەر پێگەکانی هەڵدانی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی حوسییەکان لە هەردوو پارێزگای مارب و ئەلجەوف.

هاوکات تەلەفزیۆنی فەرمی یەمەن ڕایگەیاند، لەم ئۆپەراسیۆنەدا سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک و کۆگاکانی چەکی حوسییەکان لە قەزاکانی ئەلجەوبە، ئەلسەفرا و مەجزەر پێکراون.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی ئەم بۆردومانانەدا ژمارەیەک چەکداری حوسییەکان کوژراون و ژێرخانی سەربازییان تێکشکێنراوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕەشاد ئەلعەلیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەمەن لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" هێرشی توندی کردە سەر حوسییەکان و ڕایگەیاند: "میلیشیای تیرۆریستی حوسی سوورە لەسەر ئەوەی بە بەرژەوەندییەکانی گەلی یەمەن قومار بکات بۆ خزمەتکردنی ئەجێنداکانی ئێران."

ئەلعەلیمی ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوامبوونی حوسییەکان لە پەرەپێدانی گرژییەکان تەنها کات بەفیڕۆدان و لەناوبردنی سامانی یەمەنە، جەختیشی کردەوە کە حکومەت لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت بۆ پاراستنی ڕێڕەوە ئاوییەکان.





PM:04:21:25/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو